پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد
سێشەممە 11/25، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە وێندی گرین، کونسووڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دۆخی گشتی عێراق و دوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق کرا.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرینگی پێکهینانی حکوومەتێکی خزمەتگوزار، کە بێ جیاوازی خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراق بکات و ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و سیستەمی فیدراڵی بگرێت.
هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستی دابین کردنی شایستە داراییەکان و بەشەبوودجەی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتی عێراق و بەردەوام بوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان دا، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەست خۆشی لە سەرۆکی حکوومەت کرد بۆ چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەتی لە بواری دارایی و پشتیوانیشی بۆ ئەو چاکسازییانە دەربڕی.