پەیامی کورد... بارۆ: ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ عەبدی باسی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەکەم
جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، باسی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق دەکەم"، هەروەها ستایشی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولای کرد کە "مافە سەرەتاییەکانی کورد بەهێزتر دەکات".
پێشتر لە ماوەی ئەمڕۆدا، بارۆ وەک دەستپێکی گەشتێکی هەرێمی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە دیمەشق بۆ تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
وەزیری فەڕەنسی جەختی کردەوە کە "بەرەنگاربوونەوەی داعش ئەولەوییەتێکی باڵایە بۆ پاریس؛ ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە هەوڵەکانمان لە شەڕی دژی ڕێکخراوی داعش بەهێزتر دەکات، و هەموو پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بە سوورییەکان دەکەین بۆ ئەوەی حکومەت بەردەوام بێت لە کارەکانی."
بارۆ وتیشی کە "فەڕەنسا لە تەنیشت گەلی سووریا وەستاوە کە دەرفەتی بۆ ڕەخساوە داهاتوویەکی نوێ بونیاد بنێت."
ئاژانسی "فەرەنسا پرێس" لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە بڵاویکردەوە، کە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە کاتی سەردانەکەیدا باسی "بابەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لێکەوتەکانی پەرەسەندنی بەردەوامی گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران" دەکات.