پەیامی کورد- کۆبانێ... نزیکەی دوو هەفتەیە کارەبا لە کۆبانێ بڕدراوە
دەستەی وزە لە شاری کۆبانێ لە باکووری سووریا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە کارەبا لە ١٨ی مانگی ڕابردووەوە لە شارەکە بڕدراوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ خوێندرایەوە، ڕوونی کردەوە: "لە ١٨ی کانوونی دووەمەوە، کارەبا لە شاری کۆبانێ بڕدراوە بەهۆی بوونی گرفت لە بەنداوی تشرین، دوای چاککردنەوەی، کارەبا بۆ ماوەیەک کە لە ٣٠ خولەک زیاتر نەبوو گەیشتە وێستگەی دابەشکردن لە شاری کۆبانێ، بەڵام دواتر دیسان بڕایەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "هێڵی پەستانی بەرزی 66 KV لە نێوان هەردوو وێستگەی کۆبانێ و سڕین هاوبەشە، ئێستا کارەبا دەگاتە وێستگەی سڕرین و عەین عیسا، لە کاتێکدا ناگاتە وێستگەی کۆبانێ بەهۆی بوونی (گرفت) لە هێڵی پەستانی بەرزدا."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "سەرەڕای هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ گەیاندنی تیمەکانی چاککردنەوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای کۆبانێ بۆ شوێنی گرفتەکە، بەڵام ڕەزامەندی پێویستمان وەرنەگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەردەوامبوونی بڕانی تەزووی کارەبا لە شاری کۆبانێ و گوندەکانی."
دەستەی وزە وتیشی کە بڕانی کارەبا زیانی بە زۆرێک لە بوارەکانی ژیان گەیاندووە، چونکە پەمپەکانی ئاو، نەخۆشخانەکان، ئاشەکان و نانەواخانەکان بۆ بەردەوامبوونی کارەکانیان پشتیان بە تەزووی کارەبا بەستووە، ئەمەش دەبێتە هۆی قووڵتربوونەوەی قەیرانی ئێستای شارەکە.
داواشی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و کات بەفیڕۆ نەدەن، و فشار بخەنە سەر لایەنە بەرپرسەکان بۆ ئەوەی ڕێگە بە تیمەکان بدەن بگەنە شوێنی تێکچووەکە و گرفتەکان چاک بکەن و کارەبا بۆ شاری کۆبانێ دابین بکەنەوە.
لە کۆتاییدا داوای لە وەزارەتی وزە لە حکومەتی سووریا کرد بەپێی بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بجوڵێتەوە بۆ هاوکاری لە چاککردنەوەی گرفتەکان، جەختیشی کردەوە کە تیمەکانیان ئامادەن لە هەر ساتێکدا بجوڵێن بە مەبەستی چاککردنەوەی گرفتەکان.