بۆ ڕای گشتی عێراقی یەکان

Dîroka Belavkirin :
بۆ ڕای گشتی عێراقی یەکان
پەیامی کورد   ...   بۆ ڕای گشتی عێراقی یەکان

ژیانی ئێمە و ژیانی ئێوە، بەرپرسیارییەتییەکە و پێویستە لە بەرانبەری دا وەفادار بین، ئەمنییەتی ئێوە و ئەمنییەتی ئێمە لە ئەستۆی لایەنە یاسایی و کارگێڕییە دیار و ناسراوەكان دایە، لەسەریان پێویستە بە شێوەیەکی تۆکمە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن بۆ ڕێگریکردن لە تاوان، ئەگەریش تاوانێك بەسەریاندا تێپەڕی، دەبێت تاوانباران دەستگیر بکەن و ڕادەستی دادگایەکی دادپەروەریان بکەن.

لە ڕابردوودا ڕژێمەکانی عێراق خاکیان بۆردومان دەکردین، كەس وكاری ئێمەیان دەکوشت، بەبێ لێپرسینەوە دەستگیریان دەکردین، بە هەموو جۆرە چەکێک لێیان دەداین، ناسنامەیان لێ دەسەندینەوە و ئاوارەیان دەکردین.

ئەوانەی لە کاری نیشتیمانی و خەبات و تێکۆشان دا هاوبەشمان بوون، باش لەبیریانە چۆن بە شكۆ و ڕەوشتی سوارچاکانەوە، بەرگریمان لە ژیانی خۆمان دەکرد، هیچ کارێکمان ئەنجام نەدا، کە هاووڵاتییانی مەدەنی بکاتە ئامانج و هەرگیز بیرمان لەوە نەکردەوە زیان بە ژیانی عێراقییەکان بگەێنین، ئەمەش لەبەر شارەزابوونمان لە بنەماكانی بەرگری و باوەڕبوون بە ڕەوشت و ئەرک و بەرپرسیارییەتیمان بوو، كە هەر ئەوانەش بوونە ڕێگر لەوەی دابەزین بۆ ئاستی سیفەتەکانی دوژمنەكەمان.

ئێمە نە ئایدئۆلۆژیایەكی بەکرێگیراو بووین، نە چەکێک بووین كە بەرژەوەندی تایبەت بمانجووڵێنێت، ئینجا چ هەرێمایەتی چ نێودەوڵەتی، ئێمە ئازادبووین و هەر بە ئازادییش ماوینەتەوە، بژاردەکانی خۆمان پاراستووە لەوەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ دەستتێوەردانی ئەوانەی یاری بە ئاسایشی ووڵاتەکەمان دەکەن.

هێرشە دوژمنكارییە بەردەوامەكان بۆ سەر ئێمە، لەدوای گۆڕانی ڕژێمەوە، جۆراوجۆربوون و پەرەشیان سەند، بەڵام کۆمەڵێک ڕاستییان ئاشکرا کرد، کە لە ئێمە شاراوە نەبوون، ئەگەرچی ڕەنگە لەبەرچاوی شەقام و ڕای گشتی دا دیار نەبووبن.

لـەوانەش:

یەکەمیان: تیرۆر شێوەیەکی دیاریکراو و ناسنامەیەکی ڕوون و یەك ئینتیمای نییە، بەڵكو هەر کارێک کە زیان بە بەرژەوەندییە شەرعی و یاساییەکان بگەێنێت، بە کردەوەیەکی تیرۆریستی دادەنرێت، جا ئەو کارە بە پڕوپاگەندەی درۆ بێت یان بە بەکارهێنانی چەک.

ئەو کەسەی لە یەکەم ڕۆژی جەژندا، لە یەکی شوباتی 2004، خۆی لە بارەگای ئێمە و بارەگای یەکیتی نیشتمانی کوردستان تەقاندەوە و کۆمەڵێک کەسی بێتاوانی شەهید کرد، دەرچووی هەمان قوتابخانەی ئەو کەسانەوەیە، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆردومانمان دەکەن و بۆمبی چێندراو لەسەر ڕێگه‌کان دادەنێن، زیانگەیاندن هەر زیانگەیاندنە، بیانوو هەر بیانـووە و تووندوتیژیش هەر هەمان توندوتیژییە.

دووەمیشیان: لێدوانە دووبارەکان دەربارەی ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی ئەرکەکانیان (کە لە ڕاستیدا ئێستایش هەر وا دەکەن) چەندینجار کەوتووەتە ژێر تاقیکردنەوەی جدییەوە، بەڵام نە ڕێگری لە هێرشەکان کراوە و نە تاوانبارانیش دەستگیر کراون. 

ئەم پرسە چەندین دیووی هەیە، دیووێكیان بریتییە لە لاوازیی ئەدای ئەو هێزە ئەمنییانە و نەبوونی کەلوپەلی پێویست، هەروەها لاوازیی لە بڕیاری ئەمنیی و سیاسیدا، کە هۆکارەکەیشی ئەوەیە ئەنجامدەران ناسراون، بەڵام بڕیاری سیاسی و ئەمنیی بەهۆی ئەم هاوکێشە زیانبەخشەوە کۆتوبەند کراوە، ئەوەیش هەڕەشەیە لەسەر ئێستا و داهاتووی عێراق، مەبەستمان لە هەڕەشە پرسی سەروەری و فرەناوەندی بڕیارە، لەگەڵ ترس لەو لایەنانەی کە پێدەچێت دڵنیابن لەوەی هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵدا ناکرێت.

بۆردومانکردنی کوردستان، جا گەڕەکی نیشتەجێ بوونی هاووڵاتیان بێت یان دامەزراوە ژیاری و خزمەتگوزارییەكان، کارێکی تیرۆریستییە، لە سەرووی هەموو ئەمانەیشەوە، کارێکە ئامادەگی و ئاستی پێشکەشکردنی (خزمەتگوزاری بۆردومانکردن) نیشان دەدات، کە ئەوەیش كرێگرتەییە بۆ بەرژەوەندی ئەوانەی نایانەوێت عێراق خۆبژێوی بە سامانە ناوخۆیی یەکانی خۆیەوە بكات.

دابین کردنی ووزە بۆ تۆڕی کارەبای عێراق، کە بەهۆی بۆردومانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بڕێکی زۆر لە توانا و پێداویستییەکانی خۆی لەدەست دا، بووەتە هۆی زیانێکی گەورە لەسەر ئاستی هاونیشتیمانیان و حکوومەت، کاریگەرییەكی خراپی لەسەر خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ماڵان و نەخۆشخانە و فەرمانگەکانی وزە درووست كردووە، ئایا بۆردومانکاران چ خزمەتێکی شەرعی یان نیشتیمانییان پێشکەش بە عێراقییەکان کرد؟

دانانی سەكۆیەكی مووشەکیی یان بەکارخستنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆردومانکار، کارێکی نهێنی نییە، بەڵکوو لەژێر سێبەری هێزێکدا پەردەپۆش كراوە، کە ڕێگری لە سزادانی ئەنجامدەران دەکات، ئەمە کارێکە بە پلان و بەرنامەی داڕێژراو ئەنجام دەدرێت، بەڵگەش ئەوەیە توانیویەتی ئەو زەرەر و زیانە بنێتەوە، کە خۆیان مەبەستیان بووە.

بـە دڵنیایی یەوە ئەرکی دەسەڵاتە لەسەر ئاستی جەماوەری و ڕاگەیاندنەوە ئەم كردەوانە بە تاوان بناسێنێت، هەروەها پێویستە لە ڕێگەی پەیوەندییەکانییەوە یارمەتی هێزە ئەمنییەکان بدات بۆ پشت بەستن بە کەسانی بێلایەنی لێهاتوو و پڕچەککردنیان بەو ئامرازانەی، کە سەلامەتی عێراقییەکان و سامانەکانیان دەپارێزن، ئەمەش بۆ ئەوەیە پابەندی ئەو سوێندەبن، کە لە کاتی وەرگرتنی دەسەڵات دا دەیخۆن.