بەڕێوەبەریی خۆسەر لە کۆبانێ: دیمەشق کارەبا، ئاو و دەرمانی لە شارەکە بڕیوە

Dîroka Belavkirin :
بەڕێوەبەریی خۆسەر لە کۆبانێ: دیمەشق کارەبا، ئاو و دەرمانی لە شارەکە بڕیوە
پەیامی کورد- کۆبانێ... بەڕێوەبەریی خۆسەر لە کۆبانێ: دیمەشق کارەبا، ئاو و دەرمانی لە شارەکە بڕیوە

بەڕێوەبەریی خۆسەر لە کۆبانێ، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا هەستاون بە بڕینی ئاو و کارەبا لە شارەکە، و هۆشداریشی دا کە ئەمە ژیانی دانیشتووانی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

بەڕێوەبەریی خۆسەر لە کۆبانێ لە بەیاننامەیەکدا وتی: "لە پەرەسەندنێکی مەترسیداری دیکەدا، گرووپە بەکرێگیراوەکان گەمارۆیەکی خنکێنەریان خستووەتە سەر شاری کۆبانێ و گوندەوارەکانی".

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە حکومەتی کاتیی سووریا ناوچەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، "هەستاون بە بڕینی ئاو و کارەبا لە شاری کۆبانێ، جگە لە بڕینی هەموو ئەو ڕێگایانەی کە کۆبانێ بە ناوچەکانی دەوروبەریەوە دەبەستنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ڕاگرتنی هاتنە ناوەوەی خۆراک، سووتەمەنی و دەرمان بۆ ناوچەکە بە شێوەیەکی تەواو، کە ئەمەش لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و مەترسیدار هەڕەشە لە ژیانی دانیشتووانی ناوچەکە دەکات".

بەڕێوەبەریی خۆسەر دیمەشقی بە بەرپرسیاری تەواوی ئەنجامەکانی گەمارۆدانی کۆبانێ زانی و ڕایگەیاند: "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆیی و مافپەروەرییەکان دەکەین، ئەوپەڕی فشار بخەنە سەر حکومەت بۆ ڕاگرتنی شەڕەکەی و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر کۆبانێ و گوندەوارەکانی و کردنەوەی ڕێگاکان بۆ هاتنە ناوەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان".