سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد

Dîroka Belavkirin :
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد
پەیامی کورد    ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد

سێشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2025، لە پیرمام سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد کە پێکهاتبوو لە ماسامیچی سووگایا بەرپرسی دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن و ئاکیرا ئیندۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و چەند دیپلۆماتکاری تری ژاپۆن.

لە دیدارەکەدا شاندی میوان پیرۆزبایی سەرکەوتنی پارتی و بەدەست هێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگیان لە سەرۆک بارزانی کرد و بە نیشانەیەکی ڕوونیان لە پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەناو خەڵک هەژمار کرد. هەروەها ستایشی ئەو بووژانەوە و پێشکەوتنەیان کرد کە لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئارا و بە هۆکارێکی گرینگیان لەقەڵەم دا بۆ گەشەسەندنی وەبەرهێنانی بیانی، و ئامادەیی ووڵاتەکەشیان ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بواری جۆراوجۆر لەگەڵ هەرێمی کوردستان. شاندی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن هەروەها نیگەرانی خۆیان بۆ هێرشی ئەم دواییەی سەر کۆرمۆر نیشان دا و وێڕای ئیدانەکردنی ڕایانگەیاند کە ئەم هێرشانە دژی سەقامگیری ووزە و ئابووری عێراق و ناوچەکەیە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی شاندی میوان پێشوازی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولای کرد و ڕایگەیاندن گەلی کوردستان هەمیشە ڕوانگەیەکی ئیجابیان بۆ گەل و دەوڵەت و شارستانیەتی ژاپۆن هەبووە. سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هۆکارەکانی پشت هێرشەکەی سەر کۆرمۆر ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە هێرش و هەڕەشانە کاروانی پێشکەوتنی هەرێم ناوەستێنێت. لەدرێژەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر پڕۆسەی سیاسی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و کەموکوڕییەکانی یاسای هەڵبژاردن و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی لە عێراق.

ئایندەی کورد لە سووریا و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوون.