پەیامی کورد ... لیوا فایەق مزووری : ھاوپەیمانانیش پشتگیری لە دابین کردنی سیستەمی بەرگری دەکەن
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق زانیاری گرینگ سەبارەت بە ھێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و دابین کردنی سیستەمی بەرگری باس دەکات، ھاوکات باس لەو ڕاپۆرتەش دەکات کە لیژنەکە ئامادەی کردووە.
لیوا فایەق ئەنوەر مزووری، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، لە لێدوانێک دا سەبارەت بە دانانی سیستەمی بەرگری بۆ کێڵگەی کۆرمۆر ڕایگەیاند، زۆر گرینگە سیستەمی بەرگری بۆ کێڵگەی کۆرمۆر دابین بکرێت، نەک بۆ کۆرمۆر بەڵکوو بۆ ھەموو عێراق گرنگە نەک تەنھا ھەرێمی کوردستان، لە ئێستا بەردەوام ھەوڵی دابینکردنی ئەو سیستەمە دەدرێت لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و ھاوپەیمانانیش پشتگیری لە دابینکردنی دەکەن.
ناوبراو ئەوەش ناشارێتەوە کە سیستەمی بەرگری عێراقیش توانای گەڕاندنەوەی درۆن و مووشەکی نیە، واتا تەنھا توانای گەڕاندنەوەی لە پێنچ کیلۆمەتر ھەیە و پێشکەوتووش نیە، بۆیە ھەوڵ دەدرێت سیستەمێکی پێشکەوتوو دابین بکرێت کە توانای بەرگریکردن لەو کێڵگەی ھەبێت.
لیوا فایەق مزووری جەختیش دەکاتەوە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی سیستەمی بەرگری بۆ کێڵگەی کۆرمۆر دابین بکرێت، لەبەر ئەوەی بە دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئیدی کۆتایی بە کێشەی ھێرشی بەردەوام دێت بۆ سەر ئەو کێڵگەیە و چەند جاریشە ھێرش دەکرێت لێکۆڵینەوەش دەکرێت بێ ئەنجام دەبێت، بۆیە ئەم جارەش باس لەوەکرا کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا ئەنجامەکان ڕادەگەێنین و ئێستا ڕاپۆرتیش ئامادەکراوە و ھێشتا ڕایان نەگەیاندووە.
سەبارەت بە زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکەش، مزووری دەڵێت، زانیاریمان ھەیە لە ڕاپۆرتەکەدا باسی ئەو لایەنە نەکراوە کە ھێرشەکەی ئەنجامداوە، کە دیاریشە کێن ئەوانەی ھێرشیان کردووە و ناوەکانیان کێن، بۆیە پێویستە سیستەمەکە بۆ ھەرێم دابین بکرێت و ھەرێم خۆی بەڕێوەی ببات بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لێ بکات و چیتر ھێرشی سەر کۆرمۆر نەکرێت.