پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا کرد
ڕۆژی سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە پاتریک دورێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە بەغدا کرد.
لە دیدارەکەدا کە یان برێم کونسووڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی کرد بەبۆنەی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان، ئومێدیان خواست لە قوناغی داهاتوو گفتوگۆ و دانووستاندنەکان لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق بەشێوەیەکی کارا بەڕێوەبچن، بۆ ئەوەی بتوانرێ حکوومەتێکی کارا بێتە کایەوە کە لە ئاست داخوازییەکانی خەڵکی عێراق بێت.
هەر لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بەگشتی و پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق و سەقامگیری ناوچەکە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان تاوتوێ کران.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاس و ستایشی ڕۆڵی مێژوویی فەرەنسای کرد و تیشکی خستە سەر دوا گفتوگۆ و دانووستاندنەکانی دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، هەروەها سەرۆک بارزانی تیشک خستە سەر هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم بە رێگای گفتوگۆ لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان.