ڕێکخراوە مافپەروەرەکان داوای پاراستنی مەدەنییەکان و کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن

Dîroka Belavkirin :
ڕێکخراوە مافپەروەرەکان داوای پاراستنی مەدەنییەکان و کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن
پەیامی کورد- قامیشلۆ... ڕێکخراوە مافپەروەرەکان داوای پاراستنی مەدەنییەکان و کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن

ڕێکخراوە مافپەروەر و مرۆییەکان، دوێنێ شەممە، داوای پاراستنی مەدەنییەکان و ڕاگرتنی گرژییە سەربازییەکانیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، لەگەڵ کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی ئارام و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

ڕێکخراوەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان: "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی مرۆیی و ئەمنی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین، لە دوای واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لە ٢١ی ئەم مانگەدا لەنێوان حکومەتی کاتیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات هاتە ئاراوە، کە ئامانج لێی ڕاگرتنی تەقە و گرتنەبەری هەنگاوە بەرەو تێکەڵبوون لەناو دەوڵەتی سووریادا."

ئاماژەیان بەوەش کرد: "نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ماوەی چوار ڕۆژەکەی ناو ڕێککەوتنەکە، هاوکاتە لەگەڵ ساتێکی پڕ لە ترس و ئاوارەبوونی بەرفراوان و سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی."

ڕێکخراوەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە ڕۆژانی ڕابردوو گەواهی پەرەسەندنێکی مەترسیداری توندوتیژی بوون لە شاری حەلەب و چەند ناوچەیەکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ و تێکچوونی بەرچاوی بارودۆخی مرۆیی لەگەڵدا بووە. داواشیان کرد لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن لە هەموو ئەو پێشێلکارییانە بکرێت کە باس دەکرێت لەلایەن هەموو لایەنەکانی ململانێکەوە ئەنجام دراون.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، پەرەسەندنی توندوتیژییەکان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٣٤ هەزار کەس لە ماوەیەکی کورتدا بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ئاوارەکان بەسەر شارەکانی قامیشلۆ، عاموودا، دێریک و کۆبانێدا دابەش بوون.

ڕێکخراوە مافپەروەر و مرۆییەکان ڕوونیان کردەوە کە زۆرێک لە ئاوارەکان ڕووبەڕووی کەمیی توندی پەناگە، خۆراک و هاوکارییە مرۆییەکان بوونەتەوە، لە سایەی بارودۆخێکی سەختی کەشوهەوادا کە مەترسییەکانی سەر ژیانیانی زیاد کردووە.

داوایان لە حکومەتی کاتیی سووریا کرد هەموو ڕێکارە پێویستەکان بگرێتە بەر بۆ گەڕانەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، لەوانە کارەبا، ئاو، خۆراک، ئینتەرنێت و دەرمان، هەروەوا کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی ئارام، بەتایبەت بۆ شاری کۆبانێ، و ئاسانکاری بۆ کاری ڕێکخراوە مرۆییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی ئاوارەبوون.

ڕێکخراوەکان نیگەرانیی قووڵی دانیشتووانیان بەتایبەت لە کۆبانێ و حەسەکە دەربڕی لە چوونە ناوەوەی حکومەتی کاتیی سووریا، و وتیان ئەم مەترسییانە "پەیوەندییان بە کەڵەکەبوونی پێشێلکارییەکانی ڕابردوو و دروستبوونی بێمتمانەییەکی قووڵەوە هەیە لەناو کۆمەڵگە ناوخۆییەکاندا."

هەروەها وتیان: "بونیادنانی متمانە بە هێز ناسەپێندرێت، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی هەنگاوی بەرجەستەوە بێت، لەوانە پاراستنی مەدەنییەکان، کۆنترۆڵکردنی ڕەفتاری لایەنە چەکدارەکان، دەستەبەرکردنی لێپرسینەوە و گێڕانەوەی مافە زەوتکراوەکان."

داواشیان لە حکومەتی کاتیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد "پابەندییە یاساییەکانیان لە پاراستنی مەدەنییەکان و ڕێگریکردن لە گەیاندنی هەر زیانێک پێیان جێبەجێ بکەن، و ڕێکاری کاریگەر بگرنە بەر بۆ ڕێگریکردن لە هاندانی توندوتیژی یان خۆشکردنی ئاگری گرژییە کۆمەڵایەتییەکان."

هەردوولایان بە بەرپرسیاری داهاتووی سووریا زانی و جەختیان کردەوە کە هیچ ئامانجێکی سیاسی یان سەربازی ناتوانێت پێشێلکردنی مافی مەدەنییەکان ڕەوا بکات.

لە کۆتاییدا ئاماژەیان بەوە کرد کە هەر نزیکبوونەوەیەک لە مافە نەتەوەییەکانی کورد، لەوانە ئەوەی لە مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە ١٣دا هاتووە، دەبێت لە گفتوگۆیەکی جددی و کراوەوە لەگەڵ خاوەن دۆسیەکان خۆیان دەست پێبکات، و وەربگێڕدرێت بۆ گەرەنتی یاسایی و پاراستنی دەستووریی ڕاستەقینە، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری ڕوون بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە سزایەکی بەکۆمەڵ دژ بە کۆمەڵگە کوردییەکان یان پێکهاتەکانی دیکە.