کۆمیسیۆنی پەنابەران: هاوکارییە مرۆیی و فریاگوزارییەکان بەرەو کۆبانێ بەڕێوەن

Dîroka Belavkirin :
کۆمیسیۆنی پەنابەران: هاوکارییە مرۆیی و فریاگوزارییەکان بەرەو کۆبانێ بەڕێوەن
پەیامی کورد... کۆمیسیۆنی پەنابەران: هاوکارییە مرۆیی و فریاگوزارییەکان بەرەو کۆبانێ بەڕێوەن

غۆنزالۆ ڤارگاس لۆسا، نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە سووریا، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، کە کاروانێکی هاوکارییە مرۆیی و فریاگوزارییەکان بەرەو شاری کۆبانێ لە باکووری سووریا بەڕێکەوتووە.

لۆسا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە: "بەهۆی هاوکاری لەگەڵ حکومەتی سووریا لەسەر ئاستی حەلەب و دیمەشق، پێش نزیکەی کاتژمێرێک کاروانێک کە ٢٤ بارهەڵگر لەخۆدەگرێت، بە کەلوپەلی خۆراکی سەرەتایی، پێداویستی فریاگوزاری و سووتەمەنی دیزڵ بارکراون، لە شاری حەلەبەوە بەرەو کۆبانێ لە باکووری سووریا بەڕێکەوتووە."

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونی کردەوە کە "هاوکارییەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا و ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە دابین کراون، ئەوەش بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاریی ڕزگارکردنی ژیان و پشتیوانی زستانە بۆ ئەو مەدەنییانەی کە بەهۆی کردەوە سەربازییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە."

ماوەی چەند ڕۆژێکە، شاری کۆبانێی کوردی لەسەر سنووری سووریا و تورکیا گەواهی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوونی دانیشتووانی گوندەوارەکانە بەرەو ناو شارەکە، بەهۆی پێکدادانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی حکومەت، و شارەکە بەدەست گەمارۆیەکەوە دەناڵێنێت کە لە سەرچاوە سەرەتاییەکانی ژیان بێبەشی کردووە.