ئهم هەفتەیه ئاوی پڕۆژەی فریاگوزاری هەولێر دهگاته ماڵهكان

پەیامی کورد ... ئهم هەفتەیه ئاوی پڕۆژەی فریاگوزاری هەولێر دهگاته ماڵهكان
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕایگهیاند، پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر، دوێنێ بۆڕییەكانی پاك كرایەوە بۆ ئەوەی تێست بكرێت، لەم هەفتەیەش دەكەوێتە كار و سەرەتاش لە گەڕەكەكانی تووڕەق دەست پێ دەكات تا شەقامی كۆیە و ئەو گەڕەكانەی كەوتوونەتە دەرەوەی شەقامی 120 مەتری هەولێر.
ڕابەر حسێن بەڕێوبەری ئاوی هەولێر، ڕایگەیاند : "دوێنێ بۆڕییەكانی پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر پاك كرانەوە، لە هەر کاتژمێرێك بێت پڕۆژەكە دەكەوێتە كار و ئاو بۆ ماڵان بەردەدرێتەوە، ئەگەری زۆرە لەو هەفتەیە بێت.
ڕابەر حسێن باسی لەوەش كرد، "ئەو بەشەی لە سەرەتای پڕۆژەكە دەكەوێتە كار و هاووڵاتییان تێیدا سوودمەند دەبن، ئەویش لە گەڕەكەكانی تووڕەق دەست پێ دەكات تا شەقامی كۆیە، ئەو گەڕەكانەی كەوتوونەتە دەرەوەی شەقامی 120 مەتری هەولێر.
جێبەجێ كردنی ئەم پڕۆژەیە، كێشەی كەم ئاوی لە شاری هەولێر چارەسەر دەكات و دەبێتە هۆی داخستنی زیاتر لە هەزار بیری ئاو، بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و بەفیڕۆنەدانی.
لە هەشتی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێری دانا، پڕۆژەكە بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلارە، لە ماوەی كەمتر لە 550 ڕۆژ جێبەجێ دەكرێت و بە تەواوبوونی پڕۆژەكە، كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر بە ڕێژەی 100% چارەسەر دەبێت.





