ڕاگەێندراوێک لە بارەگای بارزانی یەوە بۆ ڕای گشتی

پەیامی کورد ... ڕاگەێندراوێک لە بارەگای بارزانی یەوە بۆ ڕای گشتی
بارەگای بارزانی، پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلایی کردنەوەی پرسی مووچە و بوودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەێندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەێندراوەکەی بارەگای بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
پەیوەست بە کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلایی کردنەوەی پرسی مووچە و بوودجە و شاییستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ وەرگرتنی ھەڵوێستی پێویست کۆبوویەوە. بەڵام ھەر ئەمڕۆ د.فوئاد حسێن دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی گەڕاوەتەوە کوردستان و بە مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیاندووە کە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حکوومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت.
ھەر لەسەر داوا و بەڵێنی ئەوان و لەپێناو بەردەوامبوونی گفتوگۆیەکی ھێمنانە و ڕەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتایی ھێنان بەم کێشەیە بدۆزنەوە، و ھەمیشە بڕوامان بەوە ھەبووە کە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ ھەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەکتر تێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکەین.
بارەگای بارزانی
١٢ی تەممووزی ٢٠٢٥
ئەم بابەتە 6 جار خوێندراوەتەوە




