بۆ هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە

بۆ هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە
پەیامی کورد   ...   فازل میرانی : بۆ هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە

دەنگەکەت بە کەم مەزانە و كەمتەرخەمیش مەکە لە بەخشینی  بە کەسێکی شایستە، تۆ مافی دەنگنەدانت هەیە، هەروەها ئازادیشیت لەوەی دەنگەکەت بە هەرکەسێک دەدەیت، کە خۆت دەتەوێت.

خووشك و براكانم، قسەكانم ئاراستەی ئێوەیە:

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، باوەڕمان بە عێراقێکی باشتر هەیە، ئێمە لە کوردستان، بنەماکانی ژیانێکمان دامەزراندووە، کە بێگومان بەرەو باشتربوون دەڕوات.

ئێمە بانگەشەی کامڵ بوون ناکەین، بەڵام کار بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی خزمەتكردن لە ووردەکارییەکانی ئەو ژیانەدا دەکەین، کە شایستەی هاووڵاتییانە.

کار لەسەر ئاسایشی هاووڵاتی دەکەین، بێ ئەوەی دەست بۆ تایبەتمەندییەکانی بەرین.

کار دەکەین بۆ پاراستنی لە هەموو دەستێوەردان و زیانێکی دەرەکی، کە ڕووبەڕووی خۆی یان خێزانەکەی ببێتەوە. کار دەکەین بۆ چاودێریکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، منداڵان، نەوجەوانان و لاوان. کار دەکەین بۆ سەلامەتی کۆمەڵگە و پەیوەندییەکانی و ئازادییەکانی. کار دەکەین بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکی سەرەکی بۆ گوندەکان، هەرچەندە دوورەدەستیش بن، بۆ شارەکانیش هەرچەندە فراوان بن.

ئێمە نەوەكانی مستەفا بارزانی و شۆڕشگێڕانی کوردستانین، ئەوانەی لەپێناو عێراقێکی ئازاد و بێ ترسدا بانگەوازیان کرد و دەنگیان بە هەموو دنیادا گەیاند و تێکۆشانیان كرد، عێراقێک کە دڵسۆز بێت بۆ گەلەکەی، هیچ دەسەڵاتێک لە سەرووی یاسایەکی دادپەروەرانەوە نەبێت و هیچ هێزێک باڵادەست نەبێت جگە لە سەروەریی دەستوور.

دەنگی تۆ، بەشێكە لە بڕیار، بڕیاری ئەوەی کێ یاساگەلێک دادەڕێژێت کە پەیوەستە بە بوونی مرۆڤ و ئارامیی نەوەکانی داهاتووەوە.

دەنگی تۆ، لە هەر کوێیەک بێت، ڕەنگدانەوەی لەسەر (هەبوون، کەمیی یان نەبوونی) خزمەتگوزارییەکان دەبێت.

دەنگدانت لە شوێنی درووستی خۆیدا، واتا ڕێگریکردن لە پێشێل کردنی مافەکان، بەرپێگرتنی ووتاری ڕق و کینە و ڕێگرتن لە زەوتکردنی مافت لەسەر بست بە بستی ئەم خاکە.

دەنگی تۆ بۆ ئێمە، واتا چەسپاندنی ئەو ڕێزەی کە دەبێت دەسەڵات بۆ تۆی هاووڵاتی هەیبێت، ئەم ڕێزەش تەنیا لە هەڵسوکەوتێکی کاتی دا نییە، بەڵکوو لە هەموو ئەو خزمەتانەدایە، کە ئەرکی حکوومەتە پێشکەشی بکات و مافی تۆیشە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەیت.

ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە