دەقی ووتاری سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی "ڕێڕەوی ژیان"

دەقی ووتاری سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی "ڕێڕەوی ژیان"
پەیامی کورد   ...   دەقی ووتاری سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی "ڕێڕەوی ژیان"

چوارشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،  بەردی بناخەی پڕۆژەی (ڕێڕەوی ژیان)ی لە شاری هەولێر دانا.


دەقی ووتاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز
زۆر بەخێر بێن و ئەم كاتەتان باش

خۆشحاڵ و بەختەوەرم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم بۆ دانانی بەردی بناخەی یەکێک لە پڕۆژە گرینگەکانی شاری هەولێر كە بە دڵنیاییەوە کاریگەری هەمەلایەنەی لەسەر پێشکەوتن و گەشەکردنی زیاتری شاری هەولێر دەبێت بە تایبەتی لە ڕووی گەشتیارییەوە.

گلەیی زۆرمان دەبیست لە دۆخی نالەبار و ناتەندرووستی ئەو شوێنە، لە كاتێكدا كە خۆی وەکوو ڕێڕەوێکی ئاو بۆ ڕێگەگرتن لە لافاو بووە، بەڵام بەداخەوە دواتر بووە شوێنی کۆبوونەوەی ئاوی پیس و زبڵ و خاشاک كە لە ڕووی تەندروستیشەوە، ببوە جێگەی مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووانی ئەم گەڕەکانە.

بۆیە بڕیارمان دا ئەم پڕۆژە گرینگە لەم ناوچەیە بکرێت کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەموو بوارەکاندا لە ژیانی خەڵکی ئەم گەڕەکانە و شاری هەولێر بە گشتی درووست دەكات و دەبێتە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی هەولێر و کوردستان.

لە قۆناخی یەکەم دا، ئەم پڕۆژەیە پارک و سەوزایی و ئاوەڕۆی سندووقی و كەناڵێك بۆ ئاوی پاک و باران و لافاو لەخۆ دەگرێت. هەروەها چەندین دوکان و کۆشک و شوێنی یاری لێ درووست دەکرێت و دەبێتە ناوچەیەکی دڵرفێنی گەشتیاری لە ناوجەرگەی شاری هەولێر کە دەرفەتی زۆری کاریش بۆ گەنجەکانمان دروست دەکات.

ئێمە هەمیشە ئامانجمان ئەوە بووە لە پەرەپێدانی شارەکان و پەرەسەندنیان، هاوسەنگی هەبێت و تەنیا بایەخ بە سەنتەری شارەکان یان چەند گەڕەک و ناوچەیەک بە تەنیا نەدرێت، كەواتە جیاوازیی گەڕەكەكان دەبێ كەم بكرێتەوە، بەڵكوو پێویستە لە گەشەکردنی شارەکانماندا، بەپێی تایبەتمەندی، بایەخ بە گشت ناوچەکان بدرێت و لە خزمەتگوزارییەکانی ژیان وەکوو یەک سوودمەند بن.

ئێمە ئەم سیاسەتەمان لەسەر ئاستی هەموو كوردستانیشدا پەیڕەو كردووە كە جیاكاری لەنێوان شارەكان نەكرێت و لە ناو شارەكانیش، لەنێوان گەڕەكەكان دا نەكرێت.

هەولێر، ئێستا یەکێکە لە شارە هەرە پێشکەوتووەکانی عێراق و ناوچەکە، بە تەواوبوونی هەردوو پڕۆژەی پشێنەی سەوزایی و ڕێڕەوی ژیان، قۆناخێکی دیکەی گەشەسەندن و ئاوەدانی لە شاری هەولێر دەست پێ دەکات و دەبێتە یەکێک لە شارە گەشتیارییە هەرە گرینگەکانی دنیا کە خاوەنی مێژوویەکی دێرین و پێشکەوتن و ئاوەدانییەکی بەرچاویشە.

ئەم شۆڕشە ئاوەدانییەی دەستمان پێکردووە، هەموو پارێزگە و شار و ناوچەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامیش دەبێت لەپێناو گەیشتن بە گەشەپێدانێکی گشتگیر و هەمەلایەن کە ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە لە ڕووی پێشکەش کردنی باشترین خزمەتگوزاری گشتی و و دەستەبەرکردنی هەلی کاری زیاتر و پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە کەرتە
جۆراوجۆەکاندا.

پیرۆزبایی لە خەڵکی هەولێر و بەتایبەتی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دەکەم کە دوای ماوەیەکی کەم، گۆڕانکاری جۆری لە ژیانیان و باشتربوونی ژینگە و تەندرووستیشان دێتە ئاراوە.

ئەوەی زیاتر منی دڵخۆش كردووە، درووست بوونی ئەو متمانەیەیە كە ئێستا خەڵك بە حكوومەتەكەی هەیەتی و ئەو پەیوەندییە تەندرووستەی لەنێوان حكوومەت و كەرتی تایبەت دا درووست بووە. ئەم هاوكاری و پشتیوانییەی هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان وا دەكات ئێمە زیاتر پشتگەرم بین و سوور بین لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان.

سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەكەم كە بەڕاستی خۆیان زۆر ماندوو كردووە بە دانانی ئەم پلانە بۆ درووستكردنی ئەم پرۆژەیە و دەستخۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم لە كەرتی تایبەت كە هاوپشك و پشتیوانمان بوون بۆ ئەوەی بتوانین ئەم پرۆژەیە وەكوو خۆی جێبەجێ بكەین.

لە كۆتاییدا دەمەوێ جارێكی تریش داوایەكی برایانە لە هەموو هاووڵاتییانی كوردستان بكەم، تكایە یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ژینگەكەمان بپارێزین. حكومەت تەنیا دەتوانێت بەشێك لە ئەركەكە لە ئەستۆی خۆی بگرێت، ئێمە دەتوانین پرۆژە دروست بكەین، بەڵام كولتووری ژینگەپارێزی و پاراستنی ژینگە ئەركی هەموومانە. تكاتان لێ دەكەم یارمەتیمان بدەن با بەیەكەوە وڵاتەكەمان خۆشتر و جوانتر بكەین.

ئێوە هەر سەلامەت و تەندرووست بن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس.

ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە