سه‌رۆكی حكوومه‌ت : جەخت لە پابەندبوون و بەرزڕاگرتنی بەها گرینگه‌كانی شۆڕشی ئەیلوول دەکەینەوە

سه‌رۆكی حكوومه‌ت : جەخت لە پابەندبوون و بەرزڕاگرتنی بەها گرینگه‌كانی شۆڕشی ئەیلوول دەکەینەوە
پەیامی کورد   ...   سه‌رۆكی حكوومه‌ت : جەخت لە پابەندبوون و بەرزڕاگرتنی بەها گرینگه‌كانی شۆڕشی ئەیلوول دەکەینەوە

مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی بەبۆنەی(٦٤)ەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێ، بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و یەکگرتوویی گەلی کوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول دا، چەندین دەستکەوتی گرینگ بەدیهاتن. 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە، یادی شۆڕشی مه‌زنى ئه‌یلوول بە ڕێبەرایەتی ڕابەری نیشتمانیمان جەنابی بارزانی نەمر دەکەینەوە، كە شۆڕشێکی سەرتاسەری خه‌ڵكی كوردستان بوو به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئایین وپێکهاتە جیاوازه‌كانەوە، لەپێناو بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و وەستانەوە دژی ستەم و داگیرکاری.

بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و یەکگرتوویی گەلی کوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول دا، چەندین دەسکەوتی گرینگ بەدیهاتن کە گرینگترینیان ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 و ناچارکرنی ڕژێمی عێراق بوو کە دان بە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت. 

لە ( 64 )مین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دا، جەخت لە پابەندبوون و بەرزڕاگرتنی بەها گرینگ و بەنرخەکانی شۆڕشی ئەیلوول دەکەینەوە لە یەکگرتوویی و تەبایی هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانی گەلی کوردستان لەپێناو داکۆکیکردن لە ماف و دەست کەوتە نیشتمانییەکانمان و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

 

پیرۆز بێت یادى شۆڕشى مەزنی ئه‌یلوول.

سڵاو لە گیانی پاکی شه‌هیدانى شۆڕشی ئەیلوول و گشت شەهیدانی كوردستان. 

مه‌سروور بارزانی 

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 

11ی ئه‌یلوولی 2025

ئەم بابەتە 28 جار خوێندراوەتەوە