سهرۆكی ھەرێمی کوردستان : مرۆڤ سازى، گەورەترین بونیاتنانه
 
					پەیامی کورد ... سهرۆكی ھەرێمی کوردستان : مرۆڤ سازى، گەورەترین بونیاتنانه
پێنجشەممە ٢٠٢٥/١٠/٣٠ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی ئاھەنگی دەرچوونی ٢٠٢٥ی زانکۆی کوردستان ـ ھەولێر کرد کە تیایدا (٥٢٦) دەرچوو لە بەشە جیاکانی چوار کۆلێژ، بڕوانامەی زانکۆیییان بەدەست ھێنا.
لە ووتەیەکدا وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچووان، دایک وباوک و کەس وکار و مامۆستاکانیان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، تیشکی خستە ڕوانگە و ئەو بنەمایانەی زانکۆی کوردستان ـ ھەولێریان لەسەر دامەزراوە، ھەروەھا باسی لە گرینگی زانست و زانین لە پێش خستنی کۆمەڵگەکاندا کرد.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا ڕۆڵی گەنجانی پێگەیشتوو و گۆشکراوی کوردستانی بە زانست و تەکنۆلۆژیا بۆ بونیاتنانی ئێستا و داھاتووی ووڵات بە گرینگ لە قەڵەم دا و ھانی دان کە بوێرانە بچنە بوارەکانی خزمەتکردن بە گەل و ووڵاتەکەیان.
ئەمە دەقەکەیەتی:
دەرچووانی خۆشەویست،
دایک و باوک و کەس وکاری ئازیزیان،
مامۆستایان و ئامادەبووانی بەڕێز..
ئێوارەتان باش،
خۆشحاڵم کە پێکەوە بەشداری لە ڕێوڕەسمی خولی دەرچوونی ٢٠٢٥ی زانکۆی کوردستان ـ ھەولێر دەکەین.
لە دڵەوە، زۆر بە گەرمی پیرۆزبایی لە ئێوەی دەرچووانی ئازیز، پیرۆزبایی لە دایک وباوکتان، لە کەسوکار و لە مامۆستاکانتان دەکەم. ھەموویان لەگەڵ ئێوە ماندوو بوون. ئەوانیش بەشێکن لەم سەرکەوتنەی ئەمڕۆ. ھەموومان شانازیتان پێوە دەکەین.
دەرچووانی خۆشەویست،
ئەمڕۆ بۆ ئێوە و بۆ کوردستان ڕۆژێکی گرینگە. چوونکە ئێوە تەنیا (٥٢٦) دەرچوو نین کە لە بەشە جیاکانی چوار کۆلێژی زانکۆدا، بڕوانامەتان بەدەست ھێناوە، بەڵکوو ئێوە توانایەکی بەھێز و گرینگن بۆ خزمەت و پێش خستنی کوردستان. ئێوە داھاتووی گەلەکەتانن.
نۆزدە ساڵ بەرلە ئێستا، دامەزراندنی زانکۆی کوردستان ـ ھەولێر لەسەر ڕوانگەیەکی ڕوون بوو:
بە کواڵیتییەکی باڵا و ئاستێکی بەرزی زانستی، دامەزراوەیەکی فێرکاریمان ھەبێت، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی و ئابووری و سیاسی لە جیھاندا بڕوات. بەشدار و ھاوبەش بێت لە پێش خستنی ھەرێمی کوردستان. لەسەر ئەو بڕوایە دامەزرا کە داھاتووی کوردستان لە مێشکی گەنجەکانیدایە.
ئامانج دامەزراندنی باشترین بوو، نەک گەورەترین. لە تەک دامەزراوە زانستییەکان و زانکۆکانی تر کوردستاندا، زانکۆیەک بە زمانی ئینگلیزی ھەبێت، تیایدا زانست و زانین لەگەڵ داھێنان یەک بگرن. شوێنێک بۆ بیری ئازاد، بۆ کراوەیی و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. بۆ دروستکردنی گەنجێک کە سەرکردایەتی دەکات لە ئایندەدا، جورئەتی بڕیاردانی دەبێت و خاوەن دەستپێشخەرییە.
ئەو گەنجانەی ھەمیشە داھاتووی کوردستانێکی بەھێز و گەشاوە، لە چاوەکانیاندا دەبینین. ئەو گەنجانەی جێی ئومێد و شانازیی ھەموومانن. زۆر سوپاس و ئێوە ھەمووتان جێی شانازین. ئەو گەنجانەی گەل و ووڵاتی خۆیان خۆش دەوێت و دەیانەوێت ووڵاتەکەیان ببەنە ئاستی ووڵاتانی پێشکەوتووی جیھان.
زانکۆیەک، ئامانجی یەکەم و کۆتایی، فێربوون و زانین و زانست بێت. باشترین توانا زانستییەکانی ئەو گەنجە ژیرانەی کوردستان کۆبکاتەوە کە بە خوێندن و فێربوون، بە زانست و زانین، دەتوانن داھاتوویەکی گەش بۆ خۆیان و بۆ گەل و بۆ نیشتمانەکەیان، بنیات بنێن.
بۆیە دەرچووانی ئازیز، ئەمڕۆ کۆتایی کاروانەکە نییە. ئەمڕۆ سەرەتای ڕێگەیەکی دوور و درێژتانە بۆ ژیانی کرداری، بۆ خزمەت و کار و بەشدارییەکی کارا لە بونیاتنانی کوردستان دا.
جێی شانازییە کە ناوی زانکۆی کوردستان ـ ھەولێر، ھەمیشە ھاوتای باشترین زانکۆکان بووە. دەرچووانی، لە ناودارترین زانکۆکانی وەک کۆلۆمبیا، ھارڤارد لە ئەمریکا، ئاکسفۆرد و کۆلێژی شاھانە لە بەریتانیا، نەک ھەر بەردەوامییان بە خوێندن داوە، بەڵکوو درەوشاونەتەوە و ھەندێکیشیان گەڕاونەتەوە وڵات و ئەمڕۆ خزمەتی وڵاتەکەیان دەکەن. بە ڕێژەی (٩٠) بۆ (٩٥) لە سەد، لە ھەندێ بەشیش تا (٩٩) لە سەد، دەرچووانی لە کەرتی گشتی، یان کەرتی تایبەتدا دامەزراون، دەبنە خاوەن کار، یان کار دەدۆزنەوە.
ھەمیشە بڕوام وابووە کە بونیاتنانی مرۆڤ، مرۆڤسازی، مەزنترین بنیاتنانە. ئێمە ھەمیشە دەتوانین بەرد لەسەر بەرد دابنێین و بینا بکەین، بەڵام ئەوەی ووڵات و کۆمەڵگەی پێشکەوتوو بنیات دەنێت و بە زیندوویی دەیانھێڵێتەوە، مرۆڤە.
بەڕێزان،
لەگەڵ ھەموو ئەو سەختییانەی دەیەکانی ڕابردوو ڕووبەڕوویان بووینەوە، ئێمە کارێکی زۆرمان لە کوردستان ئەنجام داوە. دەرچووانی ئەمڕۆ، نەوەیەکی خۆشبەختن کە لە ئازادیدا لە دایک بوون، بەڵام ئەوانەی سەردەمی دکتاتۆری ژیاون، باش دەزانن کوردستان لە چ خەراباتێکەوە، بە چ قوربانیدان و سەختییەک، گەیشتووەتە ئەمڕۆ!
بە ڕوانگەیەکی ڕوون بۆ داھاتوو، بە ئیرادەیەکی بەھێز، ژێرخانێکی پتەوی پەروەردە و فکریمان لە کوردستان داناوە. بەڵام ئەوەش دەزانین کە ھێشتا ڕێگەیەکی درێژمان لەپێشە. ئێمە لە کوردستان پێویستیمان بە سیستمێکی پەروەردەیی و فێرکاری ھەیە، کە توانای ھەبێت بەردەوام لەگەڵ پێویستی و پێشکەوتنەکانی سەردەم دا، خۆی نوێ بکاتەوە.
سیستمێک کە بیر و بناغە و ئامانجەکەی، فێربوون و فێرکردن بێت، نەک بەدەستھێنانی بڕوانامە. تێگەیشتن بێت، نەک لەبەرکردن. داھێنان بێت، نەک دووبارەکردنەوە.
نەوەی تازەی کوردستان پێویستە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و بابەتیانەی ھەبێت، پرسیار بکەن، لێکۆڵینەوە بکەن، گفتوگۆی ئازادانە بکەن. چوونکە عەقڵی کراوە، بنەمای پێشکەوتنی ھەر کۆمەڵگەیەکە. تەنیا کۆمەڵگەی پێشکەوتوو لە یەک کاتدا توانای ڕەخنە و چاکسازی و بنیاتنانی ھەیە.
دەرچووانی ئازیز،
گەنجانی خۆشەویستی کوردستان،
ئێوە، ئەو نەوەیەن کە لە کاتی دامەزراندنی زانکۆدا، ئێمەمانان خەونمان پێوە دەبینین. ئەوانەی دەتوانن چارەنووسی گەلێک بگۆڕن. ئێوە ووڵامدەرەوەی کردەیین بۆ ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە. ئێوە ماندوو بوون، زانکۆتان تەواو کرد. بەڵام پەیامی زانکۆ تەواو نەبووە تا بە واقعی ژیان و پێویستییەکانی کۆمەڵگە و بازاڕی کارەوە نەبەسترێتەوە.
سەرکەوتنی ھەر زانکۆیەک بەوە دەبێت: ئاخۆ چەند کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە ھەیە؟ چەند بیر و بەرھەم و مرۆڤایەتی، پێشکەش دەکات؟
زانکۆ ئەوەیە نەوەیەک دەربچوێنێت کە بڕوای بە ئاشتی ھەبێت. بۆ چاکسازی و باشتربوون کار بکات. چارەسەر بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە بدۆزێتەوە. زانکۆیەک کە بەمەدەنییەتبوونی ڕاستەقینە، بنیات دەنێت.
دەمانەوێت زانکۆکانمان لە کوردستان، داینەمۆی پەرەپێدانی کوردستان بن. ھەمیشە سەکۆی زانست و بیر و ڕۆشنگەری بن. چوونکە گەلان، بە زانست و زانین بنیات دەنرێن. بە زانکۆ، بیر نوێ دەبێتەوە. بە مرۆڤی بەئاگا، ئازادی و پێشکەوتن درووست دەبن.
دەرچووانی ئازیز،
ھێزی ڕاستەقینەی ووڵاتان، تەنیا لە سوپا و ئابووریی بەھێزدا نییە، بەڵکوو لە ھێزی نەرم و لە زانست و زانین و لە کولتوور و کرانەوە و لە توانایان دایە بۆ بونیاتنانی پردی پەیوەندی و ھاوبەشی لەگەڵ ئەوانی دی. ئەوانە ئامرازی ئێمەن بۆ بونیاتنانی ووڵاتێکی ئارام و خۆشگوزەران و بەھێز. ووڵاتێک، کە پێش خستن و داھاتووی، ئەمانەتێکە لە ئەستۆی ئێوەی خۆشەویست دا.
ئێوە نەوەی ئەو بیر و فەلسەفەیەن کە ئێمە زانکۆمان لەسەری دامەزراندووە:
نەوەیەک کە ئاڵای پێشکەوتن و فێربوونی بەردەوامی ھەڵگرتووە.
نەوەیەک کە ھیوای دواڕۆژە و کاروانی بنیاتنان بە متمانە و بەرپرسیاریەتییەوە تەواو دەکات.
لەبیرتان بێت، بڕوانامەکانتان گرێبەستی بەرپرسیارییەتییە.
لەبیرتان بێت کە گەورەیی نادرێت، بەڵکوو بەدەست دەھێندرێت.
بۆیە پەیامم بۆ ئێوەی دەرچوو، بۆ ھەموو گەنجانی سەرکەوتووی کوردستان ئەوەیە:
ببنە نەوەی دیجیتاڵی کوردستان، نەوەی زانین و ئاشتی. نەوەیەک کە تەکنەلۆژیا و مرۆڤایەتی، وڵات و جیھان، بیر و کردار، پێکەوە دەبەستێتەوە. بەردەوام بن، چوونکە فێربوون کاروانێکە، بە درێژایی ژیان بەردەوامە.
بەوپەڕی جورئەتەوە بچنە ناو ژیان و جیھان، پردی نێوان ڕەسەنایەتی و پێشکەوتن، نێوان خەون و کردار بن. داھاتووی خۆتان و ووڵاتەکەتان لەسەر بەھاکانی زانست، ئازادی و ھیوا بونیات بنێن.
بڕۆن لە کارەکانتان دا سەرکردە بن. وەفاداری بەھاکانتان بن، دڵسۆزی پەیامەکەتان بن. کوردستانتان خۆش بوێت، ووڵاتی ئێوەیە. بە ئومێدەوە لە داھاتووی ووڵاتەکەتان بڕوانن.
پیرۆزبایی لە دەرچووان دەکەم، بەرەو پێش بڕۆن و داھاتوو بنیات بنێن. لە ئاستی پیرۆزی نیشتمانەکەتاندا بن، لە ئاستی چاوەڕوانی گەلەکەتان دا بن.
ھەر سەرکەوتوو بن. دیسانەوە پیرۆزبایی لە ھەر ھەمووتان دەکەم، ھەر سەرکەوتوو بن.
زۆر سوپاس


 
						
					 
						
					 
						
					 
						
					 
						
					