سەرۆك بارزانی لەگەڵ کەسایەتی و ڕیش سپییەکانی دهۆك و سێمێل کۆبووەوە

سەرۆك بارزانی لەگەڵ کەسایەتی و ڕیش سپییەکانی دهۆك و سێمێل کۆبووەوە
پەیامی کورد    ...   سەرۆك بارزانی لەگەڵ کەسایەتی و ڕیش سپییەکانی دهۆك و سێمێل کۆبووەوە

پێنجشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2025 لە شاری دهۆك، سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ کەسایەتی و ڕیش سپییەکانی دهۆك و سێمێل کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ووتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و ئاماژەی بە یەکەم هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرد لە ساڵی 1992 و دووپاتی کردەوە کە پارتی لە هەموو هەڵبژاردنەکان دا هەر یەکەم بووە و بابەتی هەڵبژاردن و دەنگی گەل بە نسبەت پارتییەوە بابەتێكی مەبدەئییە و پارتی باوەڕی بە دەنگی خەڵك هەیە.

سەرۆك بارزانی باسیشی لە عێراقی دوای 2003 کرد و ڕایگەیاند" عێراقی نوێ لەسەر بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان دامەزراوە، بەڵام ئەم بنەمایانە جێبەجێ نەکران و دەستوور پێشێل کرا و ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرابا ئەو کێشانەی هەن ڕوویاننەدەدا، هەروەها جەختی کردەوە کە نابێت عێراق بە دەستی هیچ لایەنێكەوە بە ناوی زۆرینە بێت، دەبێت عێراق بۆ هەموومان بێت و هەر کەس پێگە و مافی خۆی 

لەو ووڵاتەدا هەبێت.

هەر لەو ووتارەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە لێبووردەیی و ڕەوشتی بەرز و مرۆڤ دۆستی خەڵكی کوردستان کرد و ئەوەی بە بیر ئامادەبووان هێنایەوە کە دوای ئەو هەموو ستەم و جینۆسایدەی بەرانبەر خەڵكی کوردستان کرا بەڵام لە کاتی ڕاپەڕینی 1991 خەڵکی کوردستان ئەوپەڕی ڕەوشت بەرزی و لێبووردەییان نیشان دا لە کاتێكدا کە دوو فەیلەقی سوپای عێراقی کەوتبوونە دەستی خەڵك بەڵام هیچ سەربازێكی عێراقی نەکوژرا و ئازار نەدرا، بە پێچەوانەوە خزمەتیان کرا و ڕەوانەی ناوچەکانی خۆیان کرانەوە، ئازادیش بوون لەوەی کە دەمێننەوە یان دەڕۆن، ئەمەش شانازییەکی خەڵكی کوردستانە بۆ هەموو جیهانیش دەرکەوت کە ئێمە میللەتێكی مەدەنی و ئاشتی خواز و مرۆڤدۆست و زیندووین. هەروەها سەرۆك بازرانی جەختی لە گرینگی یەكبوون و یەكڕیزی کردەوە و ڕایگەیاند" ئەگەر ئێمە یەكگرتوو و یەكڕیز و تەبا بین هیچ هێزێك دەرەقەتی ئێمە نایەت، ئەو کێشانەی کە ئێستا ڕووبەڕووی ئێمە دەبنەوە هەمووی دەرئەنجامی نەبوونی یەكڕیزییە.

لە بەشێكی دیکەی ووتارەکەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە قۆناغەکانی جینۆسایدکردنی خەڵكی کوردستان لە لایەن ڕژێمە یەك لە دوای یەکەکانی عێراقەوە کرد لە سەدەی ڕابردوو کە بە ئەنفالکردنی فەیلییەکان دەستیپێکرد و دواتریش ئەنفال کردنی بارزانییەکان لە ساڵی 1983 پاشانیش ئەنفالی سەرتاسەری لە کوردستان لە ساڵی 1988 و هەروەها قۆناغەکانی کیمیاباران کردنی کوردستان لە ساڵی 1987 ـەوە تا ساڵی 1988 کە گەورەترین تاوان کیمیاباران کردنی هەڵەبجە بوو، هەروەها جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکانی لە ساڵی 2014 لەلایەن رێكخراوی تیرۆرستی داعش باسکرد و ووتی"سەرباری هەموو ئەمانە گەلی کوردستان ئاشتیخوازە و بەرگەی ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی گرتووە کەچی هێشتاش هەر دژی شەڕ و تووندوتیژییە و هەمیشە حەزی لە ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکانە بە ڕێگەی ئاشتیانەیە، بەڵام ئەگەر شەڕمان پێ بفرۆشن هەرگیز ئێمە ستەم و سەرشۆڕی قبووڵ ناکەین و تەسلیمی زاڵم و دیکتاتۆر نابین.

لە بارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و ئەو عەقڵییەتەی بەرانبەر کوردستان هەیە سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند "بەداخەوە هێشتا عەقڵیەتی زوڵم کردن لە خەڵكی کوردستان لەلایەن بەغداوە ماوە و لەسەر سیاسەتی خۆیان بەردەوامن و ئێستاس بە ناوی موچەبڕین هەمان سیاسەت پەیڕەوە دەکەن کە لە ئەنفال و کیمیاباران کەمتر نیە، سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند"دڵنیاتان دەکەینەوە کەس ناتوانێت نە بە موچە و نەبە هیچ شتێكی تر ئیرادەی ئێمە بشکێنێت و خۆی لەسەر ئێمە فەرز بکات.

لە بەشێكی دیکەی ووتارەکەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە فەرهەنگی پێكەوەژیان لە کوردستان کرد و جەختی کردەوە کە پێویستە ئەو فەرهەنگە بپارێزین و نابێت ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان کاریگەری لەسەر پێکەوەژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەبێت. سەرۆك بارزانی هەروەها باسی لەو شەڕە دەروونییە و شەڕە کۆمەڵایەتییە و ئەو شەڕەی ماددەی هۆشبەرە کرد کە لەگەڵ خەڵكی کوردستان دەکرێت و هەوڵدەدرێت سۆز و ئینتمای تاکی کوردستانی نەهێڵدرێت و دەبێت ڕێگری لەمە بکرێت.

سەرۆك بارزانی جەختی لە پێویستی بەرنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و مەترسییەکانی کردەوە و ڕایگەیاند " ماددەی هۆشبەر بابەتێكی زۆر مەترسیدارە و بە بەرنامە بۆ داڕێژراوی کار بۆ بڵاوبوونەوەی دەکرێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگای کوردستانی هەڵتەکێنن بۆیە دەبێت بە ووردی و بە تووندی ڕێگری لەو مەترسییە بکەین.

سەرۆك بارزانی هەر لەو ووتارەیدا بۆ ئامادەبووان باسی لە دەستکەوتەکان و پرۆژە ستراتیژییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد کە حکوومەتی هەرێم کاریان لەسەر دەکات و گرینگی زۆریان بۆ ئێستا و داهاتووی کوردستان و خەڵکەکەی هەیە، سەرۆك بارزانی دووپاتی کردەوە " دەبێت لە ڕێگەی بونیادنانی ژێرخان و پرۆژە ستراتیژییەکان پشت بە خۆمان ببەستین.

سەرۆك بارزانی ووتی"ووڵات و خاکێكی دۆڵەمەندمان هەیە، بەدیلی بەهێزتر لە نەوت هەیە کە کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازییە، باسیشی لە گرینگی و پێویستی پاراستنی ئاو و درووستکردنی پۆند و بەندئاوەکان کرد کە سوودی زۆریان بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕووی گلدانەوە و پاراستنی ئاو بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان هەیە.

ئەم بابەتە 15 جار خوێندراوەتەوە