سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە شاندێکی بازرگانانی ئەمریکا کرد

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە شاندێکی بازرگانانی ئەمریکا کرد
پەیامی کورد   ...   سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە شاندێکی بازرگانانی ئەمریکا کرد

دووشەممە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە ستیڤ لۆتس سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمریکا - عێراق و جێگری سەرۆکی کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و شاندی ژووری بازرگانی ئەمریکا کرد کە لە زیاتر لە ٣٠ کۆمپانیای ئەمریکی پێکھاتبوون.

لە دیدارەکەدا کە تریفە عەزیز نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ئامادەی بوو، وێڕای بەخێرھێنانی شاندی میوان، د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر ھەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و بەدیجیتاڵ کردنی دام ودەزگا حکوومییەکان و پێش بردنی ئاستی خزمەتگوزاری و وەبەرھێنان و ئەنجامدانی کار و پرۆژەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم دا.

لە بەشێکی دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کرا.

ھەر لە دیدارەکەدا پشتیوانی تەواو بۆ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان لە بوارەکانی وەبەرھێنان نیشان درایەوە و جەخت لەوە کرایەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەرگای بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرھێنان کراوەیە بە تایبەت کۆمپانیا ئەمریکاییەکان.

شاندی ژووری بازرگانی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەم کار و ھەنگاوانەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو سەردانەی کە ساڵانە ئەنجامی دەدەن بۆ ھەرێمی کوردستان لەسەر بانگھێشتی فەرمی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا.

ئەم بابەتە 51 جار خوێندراوەتەوە