مار نیقۆدیمووس : حکوومەتی کوردستان دەستی هاوکاری بۆ درێژ کردین و خۆشەویستی پێ بەخشین

پەیامی کورد ... مار نیقۆدیمووس : حکوومەتی کوردستان دەستی هاوکاری بۆ درێژ کردین و خۆشەویستی پێ بەخشین
مەترانی کاتدرائیل ئوم النوور لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی ئوم ئەلنوور رایگەیاند، ئەو کاتەی ئێمە لە مووسڵ ئاوارە بووین، هەموو جیهان لە دوورەوە وەستا و سەیری ئێمەی دەکرد، بەڵام حکوومەتی کوردستان دەستی هاوکاری بۆ درێژ کردین و خۆشەویستی پێ بەخشین و دەرگاکانی بەڕوومان دا کردەوە.
یەکشەممە 12ێ تشرینی یەکەمی 2025، مار نیقودیمووس داود مەتی شەرەف، مەترانی کاتدرائی ئوم ئەلنوور، لە ووتەیەکدا لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی ئوم ئەلنوور کە بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، ئەوانەی ڕەخنەمان لێ دەگرن و پێمان دەڵێن ئێمە زۆر پەسنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کێشە لە خۆیانە لەبەر ئەوەی ئەوکاتەی هەموو جیهان لە دوورەوە وەستا و سەیری ئێمەی کرد، حکوومەتی کوردستان دەستی هاوکاری بۆ درێژ کردین و خۆشەویستی پێ بەخشین و دەرگاکانی بۆ کردینەوە. ووتیشی کاتێک ئێمە ڕوومان لە کوردستان کرد هیچ شوێنێکی دووەم مان شک نەبرد ڕووی تێ بکەین.
مار نیقودیمووس داود مەتی شەرەف، ئاماژەی بەوەش کرد "کاتێک لە مووسڵ ەوە ئاوارە بووین و ئازارمان لە کۆڵ گرتبوو، چووین سەرۆک بارزانیمان بینی، چەمکێکی زۆر ناوازەی دەربڕی کە هەرچەندە دووبارە بکرێتەوە لێی تێر نابین. سەرۆک بارزانی پێی ووتین ئێوە نیگەران مەبن، ئێوە لێرە میوان نین و ئێرە خاکی خۆتانە. ئێوە لە ماڵی خۆتانن و دۆخی ئێوە دۆخی ئێمەیە، ئێمە پێکەوە دەژین و پێکەوە دەمرین".
مەترانی کاتدرائی ئوم النوور ئاماژەی بە پشتیوانییەکانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کریستیانەکان کرد و ووتی، "ئەگەر ئەم چەمکانە هی باوک بن، کوڕەکەشی لەسەر هەمان ڕێگە دەڕوات و پلانەکە جێبەجێ دەکات". ووتیشی "مامەڵەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئێمە نامۆ نییە لەبەر ئەوەی دەرهاویشتەی پەروەردەی تەندروستی ئەو خێزانەیە کە سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتی دەکات".
بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای حکوومی و حزبی و کەسایەتییە ئایینییە کریستییانەکانی کوردستان و عێراق، کەنیسەی ئوم ئەلنوور، لەسەر ڕووبەری 6000 مەتر دووجا بە و گوژمەی چوار ملیار و 290 ملیۆن دینار لە شارۆچکەی عەنکاوە کرایەوە.
ئەم بابەتە 14 جار خوێندراوەتەوە




