مەسروور بارزانی و مەحموود مەشهەدانی جەختیان لە چارەسەر كردنی کێشەی مووچە کردەوە

مەسروور بارزانی و مەحموود مەشهەدانی جەختیان لە چارەسەر كردنی کێشەی مووچە کردەوە
پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی و مەحموود مەشهەدانی جەختیان لە چارەسەر كردنی کێشەی مووچە کردەوە

یەکشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە شاخەوان عەبدۆڵلا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانتار زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی گرینگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بە تایبەتی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی مووچە، تێکەڵ بە هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن، کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە.

هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لە زووترین کاتدا، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. لەمبارەیەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدرال بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا، کێشەکە چارەسەر بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە