وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ ئاشكرا دەكرێت

پەیامی کورد ... وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ ئاشكرا دەكرێت
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوایین تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ئەنجام درا و بڕیارە ھەر ئەم ھەفتەیە ئەنجامەکان ڕابگەێندرێن. دەشڵێ، ئەمساڵ یەکەمەکان دیاری ناکرێن و ھیچ مەراسیمێکیش ساز ناکرێت و تەنیا ئەنجامەکان ڕادەگەێندرێن.
د. سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ کۆتا تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەیی خولی یەکەم بوو، کە تاقیکردنەوەی فیزیا بوو لە زانستی و لە وێژەییش جوگرافیا بوو، کە ھەڵسەنگاندنی خۆمان ھەیە لە وەزارەت و تا ئێستا زۆر باش ھەڵسەنگاندنی بۆ کراوە، لەوانەیە لە ھەندێک ماددەدا جێگەی گفتوگۆ بێت، بەڵام ئێمە ووڵامی ھەموو گلەیی و گازندەیەکمان داوەتەوە و ئەو پرسیارانەی ھەڵە لای ئێمە بێت قەرەبووی قوتابیان دەکەینەوە، لەبەر ئەوەی حەوت تاقیکردنەوە ھەبوو و ھەر تاقیکردنەوەیەک ٥٠ پرسیار بوو، کە دەکاتە ٣٥٠ پرسیار، بۆیە ئاساییە ھەڵەیەک ھەبێت و گلەییش دەبێت و ئێمەش ووڵامی ھەموو گلەییەکانمان داوەتەوە و قەناعەتیشیان پێدەکەین.
د. سەیوان ووتیشی، "پرۆسەی تاقیکردنەوەکان بە گشتی سەرکەوتوو بووە و تا ئێستا ڕێژەی دەرچوون دیار نییە، چوونکە لە خولی یەکەم بە تەواوی دیار نابێت و لە خولی دووەم دیار دەبێت بەھۆی ئەوەی ھەندێک قوتابی ھەموو تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام نەداوە، بۆیە ئەنجامی کۆتایی لە خولی دووەم دیار دەبێت و ئەمڕۆش کۆتا تاقیکردنەوە بوو و بە زوترین کات ئەنجامەکان ڕادەگەێنین، کە لەم ھەفتەیە تێپەڕ ناکات و ئەنجامەکان ڕادەگەێندرێن.
بریکاری وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت، "بۆ ئەمساڵ ھیچ ڕێوڕەسمێک ساز ناکرێت و یەکەمەکانیش ڕاناگەێنین، بەڵکوو تەنیا ئەنجامەکان ڕادەگەێنین لە ڕێگەی ئەلیکترۆنی و ئەوان خۆیان دەزانن نمرەکانیان چەند بووە و ئێمە ڕایناگەێنین.
ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە




