نێچیرڤان بارزانی : یەکگرتنی کورد لە بەغدا سەرچاوەی ھێزە بۆ ھەرێمی کوردستان

پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی : یەکگرتنی کورد لە بەغدا سەرچاوەی ھێزە بۆ ھەرێمی کوردستان
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، دەستووری عێراق بە ناو فیدراڵییە، بەڵام لە ڕاستی دا ھەموو شتێکە جگە لە فیدراڵی. هەروەها ووتیشی : ئەوەی عێراق لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیکات، ناوەندگەراییەکی زۆر بە قوەتە.
چوارشەممە ٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردن لە پانێلێک لە پەراوێزی دیداری مێری، ووتی : سەرکردایەتی کورد ئەوەی پێویست بوو بۆ بونیانتنانی عێراقێکی نوێ کەمتەرخەمییان نەکرد.
ئاماژەی بەوەکرد، دەستووری عێراق دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ ھەرێمی کوردستان نابێت بە کەم سەیری بکەین، بەڵام دەبێت ئەوە بپرسێن ئایا دەستوور وەک خۆی جێبەجێ کراوە؟ لە ووڵام دا بێگومان نەخێر تا ئێستا وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، ئەگەر بمانەوێت عێراقێکی خۆشگوزەران لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری ببینین، مەرجی یەکەم پابەندبوونە بە دەستووری عێراق، گەورەترین کێشەی ووڵاتەکە ئەوەیە تا ئێستا نازانرێت سیستەمی ووڵاتەکە فیدراڵییە یان ناوەندییە، عێراق لە ناوەڕۆک دا ھەموو شتێکە تەنیا فیدراڵی نییە.
ھەر لەبارەی سیستەمی عێراق ەوە، نێچیرڤان بارزانی، ڕایگەیاند: ئەوە کە عێراق لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیکات ناوەندگەراییەکی زۆر بە قوەتە.
ھاوکات جەختی لەوەکردەوە، بە باوەڕبەخۆبوونەوە پێم وایە قووڵایی ستراتیژی ھەرێمی کوردستان بەغدایە، بۆیە دەبێت لەگەڵیان دا بگەینە ئەنجام.
لە بارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی، ئاشکرای کرد، ھەڵبژاردنی ئەم جارە زۆر گرینگە، ئەم ھەڵبژاردنە دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە و بۆیە دەبێت ھەموو عێراقییەکان ئەم پرسە زۆر بە گرینگ بزانن و ھەست بەو بەرپرسیارییەتییە بکەن.
هاوکات سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، دەبێت ئێمە وەک کورد لەو ھەڵبژاردنە بەشدار بین دەبێت خۆمان بسەلمێنین، چوونکە سەنگی کورد و یەکگرتنی کورد لە بەغدا سەرچاوەی ھێزە بۆ ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دووبارە باسی لە گرینگی جێبەجێکردنی دەستوور لە عێراق کرد و ووتی : بۆ سەقامگیری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە عێراقدا، دەبێت دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
لەبارەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی، ڕوونیکردەوە، ھەڵبژاردنێکی زۆر سەرکەوتووانە لە ھەرێم بەڕێوەچوو، ڕاستە پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی نوێ زۆری خەیاندووە، بەڵام ئەوەی ئێستا گرینگە پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەکێتی ھەیە.
لە درێژەی قسەکانی دا، ئەوەشی خستەڕوو، قۆناغی زۆر گرینگمان لەگەڵ یەکیتی بڕیوە، دیدگای سیاسی خۆمان بۆ داھاتووی سیاسی ئەو ووڵاتە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، وەرەقەیەکی ھاوبەشمان درووست کردووە. لەگەڵ یەکیتی تەنیا ماوە لەسەر پۆستەکان لە ھەرێمی کوردستان ڕێکبکەوین.
بەڵام ئەوەی نەشاردەوە، کە لەو بڕوایەدا نییە کە کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەر لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێک بھێندرێت.
تەوەرێکی دیکە پانێڵەکە تایبەت بوو بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، لەم بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی، ووتی : دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ھەم دەبێت دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، ھەم دەبێت کێشەی مووچە کۆتایی پێ بێت.
ئەم بابەتە 41 جار خوێندراوەتەوە




