ووتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمی دانانی بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەر

ووتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمی دانانی بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەر
پەیامی کورد   ...   ووتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمی دانانی بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەر

یەکشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورەسمی دانانی بەردی بناخەی پەیمانگەی ئەزهەر و ئاهەنگی دەرچووانی پەیمانگەی پێش نوێژ و ووتاربێژانی هەولێر بەڕێوە چوو.

لە ووتارێكدا كە لە ڕێورەسمەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكوومەت باسی لەوە كرد كە مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێكی زۆر گرینگیان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پرسە نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانەڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستان گێڕاوە.

دەقی ووتارەكەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێز نوێنەری زانکۆی ئەزهەر

مامۆستایانی ئایینی بەڕێز

قوتابیانی دەرچووی پەیمانگەی پێشنوێژ و وتار خوێنان

هەمووتان زۆر بەخێر بێن و زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لە خزمەت ئێوەی بەڕێز، لێرە لەگەڵتانم.

سەرەتا پیرۆزبایی یەکی گەرم لە قوتابیانی دەرچوو دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم ببنە نموونەی مامۆستایانی ئایینی ڕەوشت بەرز کە لە ئاست ئەرکی پیرۆزی پێشنوێژیکردن و وتاربێژیی مزگەوتەکانمان بن.

مامۆستایانی ئایینی، ڕۆڵێکی زۆر گرینگی یان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دا گێڕاوە، هەروەها لە پێشخستنی زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیشدا، ڕۆڵێکی کارایان هەبووە. بەشێکی زۆری سەرکردە و ڕێبەران و شاعیر و نووسەرانی کورد، کەسایەتی ئایینی و مەلا و زانای ئایینی ئیسلام بوون کە ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پرسە نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانەڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی تووندڕەوی دا هەبووە.

بۆیە ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ مامۆستایانی ئایینی هەیە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم لە ئەرکی پیرۆزی خۆیان لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و برەودان بە کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیامی لێبوردەیی و خۆشەویستی لە ناو کۆمەڵگەدا.

ئەمڕۆش کە بەردی بناخەی پەیمانگەی ئەزهەرمان دانا، هیوادارین ببێتە هاندەرێکی دیکە بۆ زیاتر پێگەیاندنی زانایانی ئایینی بە گیانی میانەڕەوی کە زانکۆی ئەزهەری شەریف لە جیهانی ئیسلامی دا پێی ناسراوە . سوپاسی زانکۆی ئەزهەر دەکەم بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگیکردنی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و پشتیوانیکردنی ئەم پەیمانگەیە.

پەیوەندییەکی مێژوویی لە نێوان میسر و ئەزهەر و کوردستان هەیە. خۆتان دەزانن لە سەردەمی سەرکردەی کورد سەلاحەددینی ئەییوبی، ژمارەیەکی زۆری کورد ڕوویان لە میسر کرد و لەوێ نیشتەجێ بوون و کەسایەتی بە ناوبانگ و زانا و شاعیر و نووسەر و پیاوی گەورە و ناسراویان لێ هەڵکەوت. یەکەم ڕۆژنامەی کوردیش بە ناوی کوردستان، 127 ساڵ لەمەوبەر لە قاهیرە دەرچووە. هەروەها سەلاحەددین ئەیووبی ڕۆڵێکی دیاری لە پێش خستنی زانکۆی ئەزهەر و فراوانکردنی دا هەبوو، دواتر سەدان قوتابی کورد لەو زانکۆیەدا خوێندنیان تەواو کردووە و تەنانەت شوێنێکی تایبەتیش بە قوتابیانی کورد لە زانکۆی ئەزهەردا هەبووە بە ناوی (رواق الاکراد). بۆیە هیوادارین قوتابیانی کورد لە زانکۆی ئەزهەر وەک هەمیشە نموونەی قوتابی زیرەک و ڕەوشت بەرز بن و بە باشترین شێوە، سوود لەو دەرفەتە ببینن کە بۆ خوێندن لەو زانکۆیە پێیان دراوە.

لە دوا قسەكانم دا ، دەمەوێ ڕوو لە مامۆستایانی ئایینی بكەم، هەم سوپاسیان بكەم بۆ پشوودرێژی و ماندووبوونیان، بۆ ئەو زەحمەتەی كە دەیكێشن لە ڕێنمایی كردنی گەلەكەمان كە بەڕاستی جێگەی دەستیان دیارە لە هەموو شۆڕشەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، بینیومانە كە مامۆستا هاوشانی پێشمەرگە لە جەبهە دژ بە ستەم و ستەمكاران وەستاوەتەوە و پەیامی میانەڕەو لەناو كۆمەڵگەی كوردستان دا كە بڵاو بووەتەوە، ئەنجامی ڕێنمایی و ئامۆژگارییەكانی مامۆستایانی ئایینی بەڕێزە، بۆیە من ڕوو لە مامۆستا گەنجەكانیش دەكەم و داواكارم مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی بەردەوام بن لە بڵاوكردنەوەی ئەو پەیامە میانەڕەوییە كە پێویستە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا زیاتر گرینگی پێ بدەین و ڕێگە نەدەین پەیامی توندڕەوی، تووندوتیژی، یەكتر قەبووڵنەكردن، دژایەتیكردنی یەكتر و ئەم شتانە بواریان پێ بدرێت لە كوردستان بڵاو بكرێنەوە.

ئێمە بەوەوە جوانین كە ڕووی راستەقینەی ئیسلام چییە ئەوە ببینین، مامۆستایانی ئایینی دەبێ وابكەن خەڵك ئیسلامیان خۆش بوێت نەك لێی بترسن، دەبێ هەوڵی جیددی مامۆستایانی ئایینی بۆ ئەوە بێت كە ئەو ڕێز و پێكەوەژیانەی لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) هەبووە كە هەموو لایەك یەكترییان قبووڵ كردووە و هەموو خواپەرستان جێگەیان بووەتەوە، ئێستا كوردستان بە شانازییەوە بووەتە شوێنی نیشتەجێ بوون و بەیەكەوەژیانی هەموو ئایین و ئایین زاكان.

هیوادارم ئەم كولتوورە بەردەوام بێت، مامۆستایانی ئایینی بەردەوام بن لە ڕێنماییكردنی ئێمە و ئەم كۆمەڵگەیە بەرەو كوردستانێكی ئارامتر، سەقامگیرتر، ئاوەدانتر.

ئێوەش هەر بەختەوەر بن و ووڵاتی ئێمەش هەر ئاوەدان بێت.

ئەم بابەتە 14 جار خوێندراوەتەوە