پێشەوا ھەورامانی : لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێک لەبارەی مووچە درا

ووتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتی "دوای گەیشتنی مووچەی مانگی ھەشت، دەست بە ئامادەکاری دەکەین بۆ ھاتنی مووچەی مانگی نۆ، ھەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی ھیچ مووچەیەکی ئەمساڵی فەرمانبەران نەفەوتێت، ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین، ئەگەر بەغدا گرفتمان بۆ درووست نەکات، بۆیە ئەمڕۆ بڕیار درا ھەموو مانگ ١٢٠ ملیار دینار ئامادەبێت بۆ ناردنی بۆ بەغدا."
پێشەوا ھەورامانی، ووتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێش چەند ڕۆژێک لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکان کۆبووەوە و دۆخی داراییان تاوتوێ کراد و ڕاپۆرتێکی دوورودرێژیان لەبارەی دۆخی دارایی ھەرێم و داھاتی نانەوتی و ناوخۆیی ھەرێم لەگەڵ وەزاەرتەکان گفتوگۆ کرد و ئەنجامەکەی ھێندرایە ناو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و گفتوگۆی لەسەر کرا، پرسێک یەکلایی کرایەوە و جێگیر کرا، بڕسارە ھەموو مانگێک ١٢٠ ملیار دینار ئامادەبکەین، ئەوە ئەولەویەتی ئامادەکاری وەزارەتی دارایی دەبێت، بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ڕەوانە دەکرێت بۆ ئەوەی کێشەی مووچە درووست نەبێت."
پێشەوا ھەورامانی ووتیشی "ناردنی ١٢٠ ملیار دینار کێشە نیە، بڕیاربوو دوێنێ ڕەوانە بکرێت و دوا قسەیدا لەگەڵ کراوە و باسی ئەوە کراوە، کێشەی سیولە ھەیە، خەریکن چارەسەری دەکەن، بڕیارە لە ماوەیەکی کەم ئەو گرفتە چارەسەر بکەن، چاوەڕێ دەکەین، ھەرکاتێک بەفەرمی فەرمانی ناردنی مووچە درا، ١٢٠ ملیاری ئێمە ئامادەیە."
ھەورامی ڕوونیشی کردەوە "ئێمە لەگەڵ حکوومەتی عێراق باسمان لە بودجە کردووە و پێمان ووتوون بۆ سەرەتای ساڵی نوێ داوای بەشە بوودجەی خۆمان دەکەین، بۆیە لەسەر ئەم بابەتە شاندێک لە ھەرێم بەم نزیکانە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکات، لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێم کە زیاترە لە ١٤%، کاتێک ئەوە یەکلایی کرایەوە ئەوکات پێویست ناکات ئەوان بێن بۆ ناو وردەکارییەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆیە بۆ مووچەی مانگی ھەشت ھیچ گرفتێک نیە، جارێ بۆ ھەڵبژاردن ماوە و ناتوانین باس لەوە بکەین پێش ھەڵبژاردن مووچەی دیکە نەدرێت، بۆیە ١٢٠ ملیاری ئێمە ئامادەیە، ئێمە ئامادەکاری تەواومان بۆ مووچەکانی ئەمساڵ کردووە و لیستی مووچەی مانگی ١٠شمان ئامادە کردووە، دوای ١٢٠ملیاری مانگی ھەشت، بۆ مانگی نۆش دەست بە ئامادەکردنی دەکەین، لای حکوومەتی ھەرێم کەمتەرخەمی ڕوونادات بۆ ئەوەی ھیچ مووچەیەکی ئەمساڵ نەفەوتێت، بۆیە دوای ھاتنی مووچەی مانگی ھەشت ١٢٠ ملیاری مانگی نۆ ئامادە دەکەین و دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکەین، هێشتا کاتیش ماوە و دەتوانرێت ھەموو مووچەکان بدرێن، ئەگەر بەغدا گرفت درووست نەکات."
ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە




