پێشەوا ھەورامی : حکوومەتی ھەرێم بەپێی یاسا ھەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە

پەیامی کورد ... پێشەوا ھەورامی : حکوومەتی ھەرێم بەپێی یاسا ھەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە
ووتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوە دایە بە گفتوگۆ کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق چارەسەر بکات، چوونکە بەپێی یاسا دیاری کراوە ئەرکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چیە و پێویستە چی ڕادەست بکات بۆ ئەوەی بەغداش ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات."
پێشەوا ھەورامی، ووتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "بڕیاری ٥٥٠ ھەیە، لەم بڕیارە چەند مەرجێک بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە، ئەوان داھاتی نانەوتی و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکەنە مەرجی ناردنی مووچە، ئەوە چارەسەری کێشەی ناردنی مووچەکانی ئەمساڵ دەکات، چوونکە ناکرێت مووچەی چەند مانگێک ڕەوانە نەکرێت و بەو شێوەیە تەماشا بکەین و بێ دەنگ بین، ئێمە ھیوامان بە گفتوگۆ ھەیە تا ڕێککەوین، بەڵام ئەگەر نەکرا کۆمەڵێک بژاردەمان لەبەردەمە، وەکوو کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی و بەشداری نەکردن لە ھەڵبژاردن و بەشداری نەکردن لە پرۆسەی سیاسی، بۆیە ئەگەر گەیشتینە ئەو قۆناغە ئەوکات ھیچ گفتوگۆ نامینێت، حکوومەتیش ئەو داھاتەی لەبەردەستی دایە بە عادیلانە بەسەر خەڵکدا دابەشی دەکات، ئەوە باشترە لەوەی پێشێلی زیاتری مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکرێت و وەزیرێک بە کەیفی خۆی بیەوێت وەکوو پاێزگا مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات."
پێشەوا ھەورامی ووتیشی "لە یاسای ئیدارەی مالی لە ماددەی ٢٩ زۆر بەئاشکرا باس لەوە کراوە گومرگ و باج ٥٠%ی بۆ عێراق بێت، ڕسوومات ئەوانەی بەپێی یاساکانی ھەرێمی کوردستان دیاریکراون ١٠٠%ی بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبن، ئەوانەی بەپێی یاسای عێراق جێبەجێ دەکرێن ئەوان ٥٠%ی بۆ عێراق دەبن، ئێمە لەوە کێشەمان نیە و لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆک وەزیران باسی لەوە کردووە ١٠٠%ی ئەو داھاتەمان دەوێت."
ھەورامی باسی لەوەش کرد "ئەنجوومەنی دەوڵەت بڕیار لەسەر ھەرێمی کوردستان نادات، تەنیا ڕایان وەردەگیرێت، ئەویش حکوومەتی عێراق داوای کردووە نەک ئێمە، تەنیا بەرچاوڕوونییە و دەدرێتە حکوومەتی عێراق، پێشتر دادگای فیدراڵی یەکلایی کردەوە، ئێستاش ئەنجوومەنی دەوڵەت، نازانین دواتریش چی لێ دێت، بۆیە دەستی دەستی پێدەکرێت، بەپێی یاسا ھەمووی دیاری کراوە وڕوون وئاشکرایە."
ئەم بابەتە 35 جار خوێندراوەتەوە




