چوار منداڵ بە هۆی تەقینەوەی مین لە دیواندەرە بریندار بوون، کە دوو منداڵ باری تەندرووستییان ناجێگیرە

پەیامی کورد ... چوار منداڵ بە هۆی تەقینەوەی مین لە دیواندەرە بریندار بوون، کە دوو منداڵ باری تەندرووستییان ناجێگیرە
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٢٩ی ئاگۆست ، تەقینەوەی مینی چێندراو لە شەقامی ١٦ مەتری شاری دیواندەرە بووە هۆی برینداربوونی چوار منداڵ بە ناوەکانی سامی و مانی جەلالی، کیانووش و موبین خوسرەوی.
بەپێی ڕاپۆرتی هانا، دۆخی دوو لەو منداڵانە کە لە نەخۆشخانەی خومەینی دیواندەرە خەوێندراون، ناجێگیرە.
کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتا نەچووەتە پاڵ کۆنڤانسیۆنی ئۆتاوا (پەیماننامەی قەدەغەکردنی بەکارهێنان، کۆکردنەوە، بەرهەمهێنان و گواستنەوەی مینەکانی دژە مرۆیی). ئەم ڕێککەوتنە لە ساڵی ١٩٩٩ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئێستا ١٦٥ ووڵات پەیوەندییان پێوە کردووە.
بەڵام ڕێژیمی ئێران نەک هەر نەچووەتە پاڵ ئەم کۆنڤانسیۆنە، بەڵکوو دەوترێت کە لە هەندێک ناوچەی سنووری بە تایبەت لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوا لەوان کوردستان و ئیلام مینی نوێی چاندووە.
بە پێی ئاماری هانا، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا، لانیکەم ١٠ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای ئێران کوژراون یان بریندار بوون. هەروەها لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە تا ئێستا ٨ کەسی دیکە بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراوەوە بوونەتە قوربانی.
ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە




