عەون بۆ لاریجانی: هیچ لایەنێک بۆی نییە چەک هەڵبگرێت و داوای پشتیوانی دەرەکی بکات

پەیامی کورد - سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، جۆزێف عەون، پێشوازی لە دکتۆر عەلی لاریجانی، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆکی لوبنان خواستەکانی بۆ هاوکاری لەگەڵ ئێران لە سنووری سەروەری و دۆستایەتی لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک لێدوانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئێران لە بەرژەوەندی ئەم ڕێبازە نەبوون. جەختیشی لەوە کردەوە کە دۆستایەتی نێوان هەردوو وڵات دەبێت هەموو لوبنانییەکان بگرێتەوە، هەروەها دەوڵەت لە ڕێگەی دامەزراوە دەستووری و ئەمنییەکانییەوە، بەرپرسیارە لە پاراستنی هەموو پێکهاتەکان.
ڕوونیشی کردەوە کە گەلی لوبنان لەلایەن دامەزراوە دەستوورییەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، بە بێ هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی هەوڵی گەیشتن بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی دەدات، جەختیشی لە ڕەتکردنەوەی هەر لایەنێک کردەوە کە چەک هەڵگرتبێت یان داوای پشتیوانیی دەرەکی بکات. ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیاتەکان، چ لە لایەن دوژمنی ئیسرائیلەوە بێت یان ئەوانی دیکە، پێویستی بە یەکگرتوویی لوبنان هەیە، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ قبوڵکردنی هەر هاوکارییەک کە ئەم یەکێتییە بەهێزتر بکات، دەربڕی.
سەرۆک عەون سوپاسی لاریجانی کرد بۆ سەرەخۆشی بە بۆنەی شەهیدبوونی شەش سەرباز لە وادی زێبقین. سڵاوی خۆی گەیاندە مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و هیوای پێشکەوتن و ئاشتی بۆ ئێران خواست.
لای خۆیەوە لاریجانی سڵاوی سەرۆک کۆماری ئێرانی گەیاندە هاوتا لوبنانییەکەی و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی لوبنان لە ئاوەدانکردنەوەی دەربڕی. ناوبراو جەختی لە پەرۆشی ئێران بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەت و گەلی لوبنان و پشتیوانی لەو بڕیارانەی کە لە لایەن دامەزراوە دەستوورییەکانەوە دەردەچن و ڕەتیکردەوە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبنان بکرێت. هەروەها پێشنیاری دامەزراندنی سندوقێکی کرد بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە کۆبوونەوەکەدا موجتەبا ئەمانی باڵیۆزی ئێران لە لوبنان و ژمارەیەک بەرپرس و ڕاوێژکاری باڵای ئێران ئامادەی بوون.
ئەم بابەتە 241 جار خوێندراوەتەوە





