پەیامی کورد... ئەردۆغان: ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار بۆ داهاتووی سووریا و ناوچەکە یەکلاکەرەوەیە
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار، کە لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی گواستنەوە و جەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کراوە، "ڕێگایەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ داهاتووی ناوچەکە و سووریاش گەورەترین سوودمەند دەبێت".
ئەردۆغان لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی (ئەنادۆڵ) دوای دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بڵاویکردووەتەوە، وتی وڵاتەکەی خوازیاری خۆشگوزەرانییە بۆ سوورییەکان و ئاماژەی بەوەشدا کە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار ئەم خواستە بەهێزتر دەکات.
هەروەها ڕوونیکردەوە: "ئێمە خۆشگوزەرانی هەموو سوورییەکانمان دەوێت بەبێ جیاوازی لە نێوان تورکمان، عەرەب، کورد، سوننە و عەلەوییەکان، و ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاریش ئەم خواستە پتەوتر دەکات".
سەبارەت بە دیدارەکەشی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، سەرۆککۆماری تورکیا وتی: "بە شێوەیەکی سەرەکی گفتوگۆمان لەسەر جەنگ و هەوڵەکانی ئاشتی کرد، و سەرۆکی ڕووسیاش باش لە هەڵوێستی تورکیا تێدەگات سەبارەت بەم پرسە، هەروەک هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد: "نابێت وەک گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان سەیری دەریای ڕەش بکرێت، چونکە هەمووان پێویستیان بە هاتووچۆی دەریایی ئارام هەیە".