پەیامی کورد... هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر کەرەستەی سەربازیدا گرت کە لە چینەوە بەرەو ئێران دەگوازرانەوە
بەرپرسانی ئەمریکی ڕایانگەیاند کە مانگی ڕابردوو، تیمێکی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە زەریای هیندی چوونەتە سەر کەشتییەک و دەستیان بەسەر کەرەستەی پەیوەندیدار بە بواری سەربازیدا گرتووە کە لە چینەوە بەرەو ئێران دەگوازرانەوە.
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانەوە گواستیەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە لە دەریای کراوەدا بە "دەگمەن" دادەنرێت و ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە تاران بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی جبەخانە سەربازییەکەی.
ئەوەشیان خستەڕوو کە کەشتییەکە سەدان میل لە کەناراوەکانی سریلانکا دوور بووە کاتێک هێزەکان چوونەتە سەری و دەستیان بەسەر بارەکەدا گرتووە، پێش ئەوەی ڕێگە بە کەشتییەکە بدەن بەردەوام بێت لە ڕێگەکەی.
ئۆپەراسیۆنەکە چەند هەفتەیەک پێش ئەوە ئەنجامدرا کە ڕۆژی چوارشەممە واشنتۆن لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا دەست بگرێت بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا کە لەژێر سزادایە و بۆ گواستنەوەی نەوت لە ڤەنزوێلاوە بۆ ئێران بەکاردەهێنرا.
یەکێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان وتی: "بارەکە پێکهاتەی وای تێدابوو کە دەکرێت لە چەکە تەقلیدییەکانی ئێراندا بەکاربهێنرێن"، ئاماژەی بەوەشدا کە بارەکە لەناوبراوە.
لە کاتێکدا بەرپرسێکی دووەم، لەگەڵ کەسێکی ئاگادار لە دەستبەسەرداگرتنەکە، وتیان ویلایەتە یەکگرتووەکان زانیاری هەواڵگری کۆکردۆتەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن بارەکە بەرەو کۆمپانیاگەلێکی ئێرانی دەچوو کە تایبەتمەندن لە دابینکردنی پێکهاتە بۆ بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران.
ئەم ئۆپەراسیۆنە "دەگمەنە" بۆ دەستگرتن بەسەر تەکنەلۆژیای سەربازی کە بەرەو ئێران دەچوو، لە کاتێکدا دێت کە لە کۆتاییەکانی ئەیلوول/سێپتەمبەردا، نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغەی نێودەوڵەتیی بازرگانیی چەکی لەگەڵ ئێران سەپاندەوە.