برینداربوونی ئەندامانی هێزەکانی ئەمریکا و سووریا لە نزیک تەدمور لە ناوەڕاستی سووریا

Dîroka Belavkirin :
برینداربوونی ئەندامانی هێزەکانی ئەمریکا و سووریا لە نزیک تەدمور لە ناوەڕاستی سووریا
پەیامی کورد- تەدمور... برینداربوونی ئەندامانی هێزەکانی ئەمریکا و سووریا لە نزیک تەدمور لە ناوەڕاستی سووریا

ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی ئەمریکا و سووریا بریندار بوون ئەمڕۆ شەممە، ، دوای ئەوەی دەورییەکی هاوبەشی ئەو هێزانە لە نزیک شاری تەدمور لە ناوەڕاستی سووریا تەقەیان لێکرا.

سەرچاوە ئەمنییەکان بە پەیامی کوردیان ڕاگەیاند: "دەورییە هاوبەشەکە بە مەبەستی ئاگاداربوون بووە لە پلانی شەڕی دژی ڕێکخراوی دەوڵەت (داعش) لە گوندەواری حومس".

هەروەها وتیان: "دوای ئاڵوگۆڕی تەقە، هێزەکان توانیان چەکدارەکە بێکاریگەر بکەن".

ڕوونیشیان کردەوە کە "ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەمریکا و ئاسایشی سووریا، و بریندارەکان لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر گوازرانەوە بۆ بنکەی تەنف".

ئاماژەیان بەوەش کرد کە "لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکان، لەکاتێکدا تا ئێستا لایەنی ئەنجامدەر یان پاڵنەرەکانی پشت هێرشەکە نەزانراون".

ئەوەشیان خستەڕوو کە "دوای هێرشەکە، هاتووچۆ لەسەر ڕێگای دێرەزوور- دیمەشق وەستاوە".

سەرچاوە خۆجێییەکان لە تەدمورەوە بە پەیامی کوردیان ڕاگەیاند، دوای ڕووداوی تەقەکردنەکە، شاری تەدمور لە ناوەڕاستی سووریا شاهیدی فڕینی چڕی فڕۆکە جەنگی و هەلیکۆپتەرەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بووە، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی سووریا.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی فەرمی "سانا" ڕایگەیاند: "هێزەکانی ئاسایشی سووریا و هێزەکانی ئەمریکا لە کاتی ئەنجامدانی گەشتێکی مەیدانی هاوبەشدا لە نزیک شاری تەدمور تەقەیان لێکراوە".

هەروەها وتی: "ڕووداوەکە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی سووریا و ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی ئەمریکا".