پەیامی کورد ... ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر ئاشکرا کرا
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی کۆرمۆر پێکهاتبوون لە عەبدۆل ئەمیر شمەری وەزیری ناوخۆی عیراق ، هیوا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم ، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم ، حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عیراق دوای تەواوبوونی کارەکانیان راپۆرتی لێکۆڵینەوەیان پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی عیراق کرد
سوودانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی کۆرمۆری پەسەند کرد : هێرشکاران ناسراونەتەوە و سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ کێڵگەکە دابین دەکرێت
چوارشەممە، نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند. بەپێی بەیاننامەکە، کە لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی یەوە پەسەند کراوە، ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە ئاشکرا کراوە و چەندین ڕێکاری ئەمنی نوێ گیراونەتەبەر، کە دیارترینیان دابین کردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانییە بۆ پاراستنی کێڵگەکە.
لیژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش کە لەسەر فەرمانی سوودانی و بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆی عێراق و بە ئەندامییەتی بەرپرسانی باڵای ئەمنی و هەواڵگریی بەغدا و هەرێمی کوردستان پێکهێندرابوو، دوای بەدواداچوونی وورد، گەیشتە چەند ئەنجام و ڕاسپاردەیەکی گرینگ.
بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، هێرشەکەی ڕۆژی ٢٦ی تشرینی دووەم لە ڕێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دراوە، کە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی قەزای دووزخورماتوو وەوە هەڵدراون. یەکێک لە درۆنەکان ئامانجەکەی پێکاوە و ئەوی دیکەیان لە نزیک کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە.
لیژنەکە ئاشکرای کردووە کە ئەمە یازدەیەمین هێرشی هاوشێوەیە کە لە هەمان ناوچەوە دەکرێتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە ناسنامەی ئەنجامدەران، کە بە "کەسانێکی لە یاسا دەرچوو" وەسف کراون، بە تەواوی دیاری کراوە و بەشێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە و لەژێر چاودێری ووردی هێزە ئەمنییەکاندان.
بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشی لەوجۆرە, فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان چەندین ڕاسپاردەی لیژنەکەی پەسەند کردووە، لەوانە:
بڵاوەپێکردنەوەی نوێی هێزەکان: هێزە ئەمنییەکان لە سنووری ئۆپراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدین بە شێوەیەکی نوێ جێگیر دەکرێنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەکی ئەمنی.
گۆڕانکاری لە فەرماندەکاندا: فەرماندە سەربازییەکانی ناوچەکە بە کەسانی بە توانا و لێهاتووتر دەگۆڕدرێن.
هەماهەنگی هەواڵگری : پتەوکردنی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەنێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.
دابین کردنی بەرگری ئاسمانی: وەزارەتی بەرگری، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم، سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ پاراستنی کێڵگەکە دابین دەکات.
کۆنترۆڵ کردنی درۆن: ڕێوشوێنی توند بۆ بەکارهێنان و گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەگیرێتەبەر و تەنها بە ڕەزامەندی فەرمی ڕێگەی پێدەدرێت.
پێکهێنانی لیژنەی دادوەری: داوا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەکرێت لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی یاسایی دۆسیەکە پێک بهێنێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، حکوومەتی عێراق جەختی کردووەتەوە کە ئەم هێرشە "کردەوەیەکی تیرۆرستیی مەترسیدارە" و ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیری ئەمنی و ئابووری ووڵاتە، هەروەها بەڵێنی داوە کە ئەنجامدەران ڕووبەڕووی سزای یاسایی تووند دەکرێنەوە و لێکۆڵینەوەکان تا دەستگیرکردنی هەموو تێوەگلاوان بەردەوام دەبن.