فەلاح موستەفا : کردنەوەی کونسووڵخانەی گشتی ئەمریکا له‌ هه‌ولێر پەیامی خۆی ھەیە

Dîroka Belavkirin :
فەلاح موستەفا : کردنەوەی کونسووڵخانەی گشتی ئەمریکا له‌ هه‌ولێر پەیامی خۆی ھەیە
پەیامی کورد   ...   فەلاح موستەفا : کردنەوەی کونسووڵخانەی گشتی ئەمریکا له‌ هه‌ولێر پەیامی خۆی ھەیە

یاریدەدەری  سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە ووتی، کردنەوەی تەلاری کونسووڵخانەی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان، پەیامی خۆی ھەیە، ئەمریکا پابەندە بە پەیوەندی درێژخایەنی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵێنیشی داوە سیستەمی بەرگری بۆ ئاسمانی ھەرێمی کوردستان و عێراق  دابین بکات.

 فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا ڕایگەیاند : "کردنەوەی گەورەترین تەلاری کونسووڵخانەی ئەمەریکا لە ھەولێر، بۆ ئەو پێگە تایبەتە دەگەڕێتەوە کە ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا هەیەتی و لەگەڵ ئەمەریکاش پەیوەندییەکی مێژوویی ھەیە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا بە چەندین قۆناغ بەردەوام بووە، پەیوەندییەکانیش درێژخایەن و ستراتیژی و پەیوەندی ھاوبەشی و ھاوپەیمانی بوونە، ڕاستە هەوراز و نشێویشی ھەبووە، بەڵام پەیوەندییەکە هەر بەردەوام بووە.

فەلاح موستەفا ووتیشی، "ئەو پەیوەندییانە بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر گرینگن، بۆیە کردنەوەی کونسووڵخانەی گشتی بچووک بێت یان گەورە پەیامی خۆی ھەیە، بەڵام درووست کردنی تەلارێک بەو شێوەیە بەپێی ستانداری خۆی بۆ ئێمە مایەی پابەندبوونی درێژخایەنی ئەمریکایە بە ھەرێمی کوردستان و عێراق.

یاریدەدەری  سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ده‌شڵێت، "داوای دابین کردنی سیستەمی بەرگری لە ئەمریكا کراوە، ماوەیەک پێش ئێستا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەکوو فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە ئەمەریکا کردووە، ئەوانیش بە فەرمی وەڵامیان داوەتەوە، لە چوارچێوەی دابین کردنی ئەو سیستەمە بۆ عێراق، ھەوڵ دەدەن بۆ هەرێمی کوردستانیش دابینی بکەن، دابین کردنی سیستەمی پاراستنی ئاسمانی بۆ ھەرێمی کوردستان تەنیا لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان دا نییە، لە بەرژەوەندی ھەموو عێراقیش ە، چوونکە ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ژێرخانی ووزەی ھەرێمی کوردستان و ژێرخانی ووزەی عێراق بە شێوەیەکی گشتی، ئەو ھێرشانە بۆ تێکدانی ئەو پێشکەوتنانەی نێوان ھەرێم و بەغدایە، ئەمریکاش بەڵێنی داوە، ھیوادارین بەرنامەکان خێراتر بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکترین کات دا سیستەمی بەرگری دابین بکەن.