پەیامی کورد- دێرەزوور...بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان.. هەسەدە دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی دیاری "داعش" لە دێرەزوور ڕادەگەیەنێت
هێزەکانی سوریای دیموکرات، دوێنێ سێشەممە، دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش"ی لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە گوندەواری دێرەزوور ڕاگەیاند.
هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، تیمەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سەر بە هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە گوندەواری دێرەزوور ئەنجامدا، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی ئەمیری سەربازیی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بە نازناوی (ئەبو زوبێر سەماک) و دوو لە ئەندامانی شانەکەی".
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای چاودێرییەکی وردی جوڵەکانی ئەو گرووپە هات کە دەرکەوت یەکێکە لە مەترسیدارترین تۆڕەکانی ڕێکخراوەکە و بەرپرسە لە زۆربەی هێرشە تیرۆریستییەکان دژی هێزەکانمان لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا".
هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو بەڵگانەی لەلای ئەمیرە سەربازییەکەی داعش و شانەکەی دەستیان بەسەردا گیراوە، لەوانەش مۆبایل و گرتە ڤیدیۆییەکان، تێوەگلانی ڕاستەوخۆیان لە پلاندانان و جێبەجێکردن و سەرپەرشتیکردنی هێرشەکان دەرخستووە، لەگەڵ بوونی تۆمار کە دەرکردنی فەرمان و جوڵاندنی ئەندامانی شانەکە دەسەلمێنن، جگە لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکانی سیخوڕی و چاودێری".
هەروەها ڕوونی کردەوە: "لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کە ئەبو زوبێر سەماک ئیدارەی ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچیەتی و پەیوەندی نێوان شانەکانی ڕێکخراوەکەی لە ناوچەکە و ناو کەمپی هۆل داوە، هەروەها سەرپەرشتی تەجنیدکردن و مەشقپێکردنی منداڵانی خێزانەکانی ڕێکخراوەکە و ئامادەکردنیانی بۆ ڕۆڵی شەڕکردن لە داهاتوودا کردووە".