وەزیرێکی ئیسرائیلی: جەنگ لەگەڵ سوریا حەتمییە

Dîroka Belavkirin :
وەزیرێکی ئیسرائیلی: جەنگ لەگەڵ سوریا حەتمییە
پەیامی کورد... وەزیرێکی ئیسرائیلی: جەنگ لەگەڵ سوریا حەتمییە

عەمیحای شیکلی، وەزیری تاراوگەی ئیسرائیل، دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند کە جەنگ لەگەڵ سوریا "حەتمییە"، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بوو بۆ ئەو دروشمانەی پەیوەست بوون بە غەززە و لەلایەن ئەندامانی سوپای سوریاوە لە میانەی نمایشێکی سەربازیدا لە ساڵیادی "جەژنی ڕزگاری" وترانەوە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە دەزگا ئەمنییەکان لە تۆڕە کراوەکاندا بەڵگەیان دەستکەوتووە کە تێیدا سەربازانی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە حکومەتی کاتیی سوریا، لە کاتی نمایشە سەربازییەکەدا لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی ساڵیادی "ڕزگاری"، دروشم بۆ غەززە و دژی ئیسرائیل دەڵێنەوە.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووش، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە میانەی وتارەکەیدا لە کۆڕبەندی دەوحە وتی: "دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەمووان هێمن بێت، بە ئیسرائیلیشەوە".

هەروەها جەختیشی کردەوە کە ئەوان "پابەندن بە ڕێککەوتننامەی ١٩٧٤ و بەو ڕێبازەی بە نێوەندگیری ویلایەتە یەکگرتووەکان پەیڕەوی دەکەین؛ چەندین وڵاتی پشتیوانمان بۆ ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل بەدەستهێناوە کە دیارترینیان ویلایەتە یەکگرتووەکانە".