سوپای ئیسرائیل: ئێمە بە بنەمای گومان و دوودڵی مامەڵە لەگەڵ ڕژێمی سوریا دەکەین

Dîroka Belavkirin :
سوپای ئیسرائیل: ئێمە بە بنەمای گومان و دوودڵی مامەڵە لەگەڵ ڕژێمی سوریا دەکەین
پەیامی کورد... سوپای ئیسرائیل: ئێمە بە بنەمای گومان و دوودڵی مامەڵە لەگەڵ ڕژێمی سوریا دەکەین

شەوی ڕابردوو، دووشەممە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە دەزگا ئەمنییەکان لە تۆڕە کراوەکاندا بەڵگەیان دەستکەوتووە، کە تێیدا سەربازانی وەزارەتی بەرگری لە حکومەتی کاتیی سوریا لە میانی ڕێپێوانەکان بە بۆنەی یەکەم ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سوریاوە، بۆ غەززە و دژی ئیسرائیل دروشم دەڵێنەوە.

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە چاودێری گرتە ڤیدیۆییان کردووە تێیدا سەربازانی سوپای سوریا دروشمی "دوژمنکارانە دژی ئیسرائیل" دەڵێنەوە و وشەی "دوژمن" بۆ ئاماژەدان بە ئیسرائیل بەکاردەهێنن.

ڕادیۆکە ئەوەشی زیادکرد: "سەربازەکان لە گرتە تۆمارکراوەکاندا دروشم دەڵێنەوە: غەززە، غەززە، دروشمی سەرکەوتن و خۆڕاگری، هاتم بۆ لات ئەی دوژمنم تا لە خوێنت تەقەمەنی دروست بکەم و ڕووبارەکان لە خوێنت پڕ بکەم، غەززە، غەززە، غەززە هێمایە".

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕوونیکردەوە کە "لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا گفتوگۆ لە ناو دامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیلدا سەبارەت بەم بابەتە بە بەشداری بەرپرسانی باڵا بەڕێوەچووە و باسیان لە گرنگی ڤیدیۆکان کردووە".

سوپا ئاماژەی بەوەشکرد کە پێشبینی دەکرێت ئیسرائیل هەنگاو بنێت، لەوانەش ئاراستەکردنی پەیامی توند بۆ دیمەشق سەبارەت بەم بابەتە و داوای لێ دەکات ئیدانەی ئەم تۆمارانە بکات.

ڕادیۆکە لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیلەوە گواستیەوە کە دەڵێن: "ئێمە بە بنەمای گومان و دوودڵی مامەڵە لەگەڵ ڕژێمی سوریا دەکەین، بە گومانێکی تەواوەوە سەیریان دەکەین".