پەیامی کورد ... دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ؛ ئیسرائیل و لوبنان یەکەم دانووستانی ڕاستەوخۆیان ئەنجامدا
نووسینگەی بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە یەکەمین خولی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بەڕێوەچوو، کە بە یەکەم هەنگاوی لەو جۆرە دادەنرێت لە دوای ساڵی ١٩٨٣ەوە.
بەگوێرەی ڕاگەێندراوەکە، کۆبوونەوەکە لە شاری نەقورا لە بارەگای هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یوونیفیل) و لە "کەشێکی ئەرێنی دا" بەڕێوەچووە. تێیدا بڕیاردراوە کار لەسەر بیرۆکەکان بکرێت بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان لە نێوان هەردوو ووڵاتدا.
سەرباری ئەرێنی بوونی گفتوگۆکان، ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە "چەک داماڵینی حیزبۆڵڵا حەتمییە و دەبێت ئەنجام بدرێت"، بەبێ گوێدانە هەر پێشکەوتنێک کە لە بواری ئابووری دا بەدەست دێت.
لە کۆبوونەوەکەدا بە سەرپەرشتی ئەمریکا و لە چوارچێوەی میکانیزمی چاودێریکردنی ئاگربەست دا بوو، هەریەک لە سیمۆن کەرەم، باڵیۆزی پێشووی لوبنان و یوری ڕێسنیک، بەرپرسی باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و مۆرگان ئۆرتێگاس، نوێنەری ئەمریکا بەشداربوون.