پەیامی کورد- دیمەشق... فڕۆکەخانەی سەربازیی مەزە لە دیمەشق بە چەند گولـلە تۆپێک کرایە ئامانج
سێ گولـلە تۆپی سەرچاوە نادیار، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەربازیی مەزەیان لە دیمەشقی پایتەخت کردە ئامانج.
سەرچاوەیەکی حکومی بە پەیامی کوردی ڕاگەیاند: "دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەربازیی مەزە لە دیمەشق بە ٣ گولـلە تۆپی سەرچاوە نادیار کرایە ئامانج، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی یان ماددی لێ بکەوێتەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەربازیی مەزە بڵاوبوونەتەوە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی گولـلەکان.
لەلایەکی دیکەوە، لە کاتی ڕووداوەکەدا شایەتحاڵان لە دیمەشقی پایتەختی سوریاوە بە پەیامی کوردیان ڕاگەیاند، گوێبیستی دەنگی تەقینەوە بوون کە لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی گولـلە تۆپەکان بووە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەربازیی مەزە لە ڕۆژئاوای دیمەشق.