پەیامی کورد- دیمەشق
سەرچاوە خۆجێیەکان شەوی دوێنێ هەینی بە پەیامی کوردیان ڕاگەیاند، کە چەند تەقینەوەیەک لە گەڕەکی مەزە 86 لە ناوەڕاستی دیمەشق ڕوویانداوە و بەهۆیانەوە چەند کەسێک برینداربوون.
هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە دەنگی ئامبوڵانس بە ڕوونی لە ناوچەی مەزە دەبیسترێت.
ڕوونیان کردەوە کە تەقەمەنییەکی نادیار لە مەزە 86 کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە ژنێکی سی ساڵان گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
ئاژانسی هەواڵی سووریا "سانا" ڕایگەیاند کە تەقینەوەیەک ناوچەی مەزەی لە دیمەشق هەژاندووە و لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکە دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی حکوومی "وەتەن" بڵاوی کردەوە کە مووشەکێک لە شەقامی "تەڵعەتی سوپەر مارکێتی فادی" کەوتووەتە خوارەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئامادەباشی ئەمنی بەرفراوان لە شەقامەکانی دەوروبەردا.