نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە ٣ ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی سووری گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان

Dîroka Belavkirin :
نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە ٣ ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی سووری گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان
پەیامی کورد... نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە ٣ ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی سووری گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان

کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) ڕایگەیاند، لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی سووری گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان، کە لە نێوانیاندا زیاتر لە ١.٢ ملیۆن پەنابەر بە ویستی خۆیان لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە.

کۆمیساریاکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ساڵی ڕابردوودا بووە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتێکی دەگمەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا. دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەو ڕووخانەدا، پەنابەران و ئاوارەکانی سووریا دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

ڕوونیشیکردەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ـەوە زیاتر لە ١.٢ ملیۆن سووری بە ویستی خۆیان لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە، هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی زیاتر لە ١.٩ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان، لە کاتێکدا زۆرێکی دیکەش خواستی خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمان دەربڕیوە.

کۆمیساریاکە ئەم هەنگاوەی بە "زۆر گرنگ بەرەو پرۆسەی بووژانەوەی سووریا" وەسف کرد، چونکە "ئاوارەیی زۆرەملێ یەکێک بوو لەو برینە قوڵانەی کە ململانێ و جەنگ بەجێی هێشتبوو".

فیلیپۆ گراندی، کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران وتی: "ئەمە دەرفەتێکە کە لە هەر نەوەیەکدا تەنها جارێک دووبارە دەبێتەوە بۆ یارمەتیدان لە کۆتاییهێنان بە یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان".

وتیشی: "بەڵام بەبێ بوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتیی بەپەلە، ڕەنگە ئەم پەنجەرەیەی ئومێد دابخرێت. سوورییەکان ئامادەن بۆ ئاوەدانکردنەوە، پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا جیهان ئامادەیە یارمەتییان بدات؟".

کۆمیساریاکە ڕایگەیاند کە ئەو بانگەوازەی بۆ کۆکردنەوەی ١.٥ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٥ بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سووریا ڕاگەیاندبوو، تەنها بە ڕێژەی ٣٣٪ پارەی بۆ دابین کراوە، "ئەمەش ملیۆنان کەس بێ پەناگەی گونجاو و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پشتیوانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زستانی داهاتوو دەهێڵێتەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد کە هێشتا نزیکەی ٤.٥ ملیۆن پەنابەر لە وڵاتانی دراوسێ ماونەتەوە و زۆربەیان لەژێر هێڵی هەژاریدان.

کۆمیساریای نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیشی لەسەر پێویستی "ناچارنەکردنی پەنابەران بۆ گەڕانەوە" کردەوە، چونکە "هێشتا دۆخی ئەمنی لە هەندێک ناوچەی ناوخۆی سووریا ناجێگیرە".