پەیامی کورد... وەزارەتی دەرەوەی عێراق گەیشتنی ٤٥٠ چەکداری داعش بۆ زیندانەکانی ڕادەگەیەنێت
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند کە ٤٥٠ چەکداری ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" گەیشتوونەتە زیندانەکانی عێراق، ئەوەش دوای پرۆسەی گواستنەوەیان لە سووریاوە، و ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر تێوەگلانیان لە تاواندا بسەلمێنرێت ڕەوانەی دادگا دەکرێن، ئەوانی دیکەش دەنێردرێن بۆ ناوەندەکانی چاکسازی و ڕاهێنانەوە.
ئاژانسی هەواڵی عێراق لە زاری هیشام ئەلعەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بڵاویکردەوە، ئەو ژمارەیەی گوازراوەتەوە بەشێکی کەمە لە کۆی ٧ هەزار چەکدار کە لە سووریان و سەرکردەشیان تێدایە، لە کاتێکدا زۆرینەیان هێشتا لە زیندانەکاندا ماونەتەوە.
ئەو بەرپرسە عێراقییە ڕوونی کردەوە کە هەندێک لەوانەی گوازراونەتەوە عێراقین و ڕێکارەکانی گواستنەوەیان خێرا کراوە، ئەو کەسانەشیان کە تاوانیان ئەنجامداوە دادگایی دەکرێن، و ئەوانی دیکەش بۆ ناوەندەکانی چاکسازی و ڕاهێنانەوە دەگوازرێنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە زیندانییەکان هەڵگری ڕەگەزنامەی زیاتر لە ٤٠ وڵاتی جیاوازن، و عێراق داوای لەو وڵاتانە کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بە هاووڵاتییەکانیان هەڵبگرن.