ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی: ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە پێویستی بە مامەڵەیەکی بەرپرسانە هەیە

Dîroka Belavkirin :
ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی: ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە پێویستی بە مامەڵەیەکی بەرپرسانە هەیە

پەیامی کورد- قامیشلۆ... ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی: ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە پێویستی بە مامەڵەیەکی بەرپرسانە هەیە

ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە)، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، کە ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی کاتیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کراوە، پێویستی بە "مامەڵەیەکی بەرپرسانە" هەیە، و وڵات لە مەینەتی و گرژیی زیاتر دەپارێزێت و یارمەتیدەر دەبێت لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە بەیاننامەیەکدا وتی: "پێمان وایە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات هەنگاوێکە کە پێویستی بە مامەڵەیەکی بەرپرسانە هەیە، و هیوادارین بە جددی و بە شێوەیەکی بەردەوام جێبەجێ بکرێت، بە جۆرێک کە وڵات لە مەینەتی و گرژیی زیاتر بەدوور بگرێت و بەشدار بێت لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان".

ڕوونیشی کردەوە کە مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە (١٣) بە دەروازەیەک دادەنرێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی جددی لەنێوان "حکومەتی سووریا و نوێنەرانی گەلی کورد، کە ئامانج لێی بەدیهێنانی مافە نەتەوەییە ڕەواکان و لابردنی هەموو مەزڵوومیەتە مێژووییەکان و چەسپاندنیان بێت لە دەستووردا".

ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی ئاماژەی بەوەش کرد، کە دەستەبەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە، دادپەروەری و یەکسانی، کۆڵەکەی سەرەکیی پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانییە و ئاسایش و سەقامگیرییەکی بەردەوام دابین دەکات.