ئاشکرا بوونی هاوکارییە نهێنییەکانی نێوان ڕۆیتەرز و دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئیران

ئاشکرا بوونی هاوکارییە نهێنییەکانی نێوان ڕۆیتەرز و دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئیران
پەیامی کورد   ...   ئاشکرا بوونی هاوکارییە نهێنییەکانی نێوان ڕۆیتەرز و دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئیران

ماڵپەڕی هەواڵدەری "واشینتۆن فری بیکێن" بڵاوی کردووەتەوە کە هاوکارییەکانی هەواڵدەری بەناوبانگی "ڕۆیتەرز"، لەگەڵ "دەنگ و ڕەنگی" کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی یاسای گەمارۆوەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم سەرچاوە ئەمریکی یە کۆمپانیای "تامسۆن ڕۆیتەرز"، خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە هەواڵی بە پێچەوانەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران، ڕادەستی ئەم ڕێکخراوەیە کردووە.

دامەزراوەی توێژینەوەی "ئێن سی ئاڕ ئای" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە ئەم هەواڵدەرییە بەریتانیاییە ٣ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار خزمەتگوزارییەکانی هەواڵی بە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی فرۆشتووە.

دامەزراوەی "ئێن سی ئاڕ ئای"، لە بواری توێژینەوە لەسەر بەربڵاوبوونی مەترسییە ئایدئۆلۆژیکی یەکان لە "فەزای مەجازی"ـدا چالاکی دەکات.

بەپێی بەڵگەنامەکانی ئەم دامەزراوە، کۆمپانیای تامسۆن ڕۆیتەرز لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٣ی زایینی ئەم خزمەتگوازارییانەی کە بریتی بوون لە دەق، ڤیدیۆ و نێوەڕۆکی هەواڵ بۆ بڵاوبوونەوە لە پلاتفۆڕمەکانی وەک "پرێس تیڤی"، ڕادەستی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەی واشینتۆن فری بیکێن دا هاتووە کە بەپێی بەڵگەنامەکان، بەڕێوبەرانی باڵای کۆمپانیای ڕۆیتەرز ئاگاداری سزاکانی ئەمریکا لەم پەیوەندییەدا بوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەش درێژەیان بە هاوکارییەکانیان لەگەڵ تاران داوە و پارەیان لێ وەرگرتوون.

بەپێی زانیارییەکان، ڕۆیتەرز بۆ وەرگرتنی پارەی خۆی بە شێوەی نهێنی، لە ناوبژیوانێک کەڵکی وەرگرتووە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی یەوە پێیان ناسێندراوە.

لەلایەکی دیکەوە ووتەبێژی ڕۆیتەرز سەرەڕای هەبوونی بەڵگەنامەکان لە وتووێژێک لەگەڵ فری بیکێن ڕایگەیاندووە کە ئەم کۆمپانییە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ڕاپۆرتی هەموو خزمەتگوزارییەکانی خۆی ڕادەستی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا کردووە و پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە ڕۆیتەرز لەگەڵ دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم هاوکارییان هەبووە.
 

ئەم بابەتە 11 جار خوێندراوەتەوە