ئیدارەی خۆسەر داوا لە دیمەشق دەکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی

ئیدارەی خۆسەر داوا لە دیمەشق دەکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی


پەیامی کورد- ڕەقە
ئیدارەی خۆسەر دوێنێ پێنجشەممە داوای لە حکومەتی کاتی سوریا کرد، دڵنیابێت لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی شارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لە شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنیی شارەکانی سەرێکانی و تەل ئەبیەد لە 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لەلایەن هێزەکانی تورکیا و کوتلە هاوپەیمانەکانیەوە، ئیدارەی خۆسەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: داوا لە حکومەتی کاتی سوریا دەکەین بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مرۆیی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، بە پەرۆشەوە کار بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، و ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی دژی ئەوان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە هەنگاوەکانی حکومەتی سوریا لە چوارچێوەیەکی تۆکمەی نیشتمانیدا بێت کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بەو سیاسەتانەی داگیرکاری و گۆڕانکاری دیمۆگرافی کە لە سەرێکانی و گرێ سپی دژ بە گەلەکەمان پراکتیزە دەکرێت".
ئیدارەی خۆسەر لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە، "داگیرکاریی تورکیا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر یەکێتی و سەقامگیری خاکی سوریا دروست دەکات، هەروەها ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان و گەڕانەوەی دانیشتووانیان ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سوریا، سوریا قۆناغێکی نوێ بەڕێدەکەوێت، هەروەها ڕایگەیاندووە، "گەلی سوریا هێشتا چاوەڕێی هەنگاوی جددییە بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانە و بە ئازادی و کەرامەت بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

ئەم بابەتە 49 جار خوێندراوەتەوە