ئیسرائیل گەڕانەوەی بۆ ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیاند
دوای ئەوەی بە ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی کە کەرتی غەززەی کردە ئامانج و دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، سوپای ئیسرائیل دوێنێ چوارشەممە گەڕانەوەی خۆی بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەکدا سوپا ڕوونی کردەوە کە هێزەکانی بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی غەززە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە "بە زۆر وەڵامی هەر پێشێلکارییەک دەدەنەوە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە “زیاتر لە ٣٠ چەکداری لە پۆستەکانی سەرکردایەتی لە غەززە کردۆتە ئامانج”.
لای خۆیەوە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی "هیچ سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس بێبەری نییە"، و دووپاتیکردەوە کە "هەر کەسێک هێرش بکاتە سەر سەربازەکانمان و پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە باجی تەواوەتی دەدات".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "سوپا ڕێنمایی وەرگرتووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئامانجێکی حەماس" و ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی ئیسرائیل لە دوێنێوە هێرشیان کردووەتە سەر دەیان شوێنی سەربازی لە غەززە.