ئەندامی سەرکردایەتی قەسەدە سیبان حەمۆ: هەنگاوەکانی داهاتووی دیمەشق ڕێڕەوی پڕۆسەی یەکخستن دیاری دەکەن

ئەندامی سەرکردایەتی قەسەدە سیبان حەمۆ: هەنگاوەکانی داهاتووی دیمەشق ڕێڕەوی پڕۆسەی یەکخستن دیاری دەکەن


پەیامی کورد- قامیشلۆ
سیبان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەندامی لیژنەی سەربازی دانوستان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، ڕایگەیاند کە قەسەدە ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە سوپای نوێی سووریا کە بڕیارە دابمەزرێت، "بە مەرجێک پڕۆسەی یەکخستنەکە لەسەر بنەمایەک بێت کە ڕێز لە ناسنامەی هێزەکان و خەبات و قوربانیدانیان بگرێت، و مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بەبێ جیاوازی زامن بکات".
حەمۆ لە چاوپێکەوتنێکی درێژدا کە ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە ئەنجامیدا، جەختی لەوە کردەوە کە هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەتی دیمەشق دیاریکەری ڕێڕەوی پڕۆسەی یەکخستنەکە دەبن، "چ بە خێراکردن یان خاوکردنەوە یان تەنانەت سڕکردنی"، ئاماژەی بەوەشدا کە قەسەدە وەک هێزێکی نیشتمانی گشتگیر دەمێنێتەوە کە بەرگری لە هەموو سوورییەکان دەکات.
گوتیشی، زاراوەی "یەکخستن" لە ئەدەبیاتی دانوستاندا دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئازاری 2025 خرایە نێو پرۆسەکە، و دووپاتیکردەوە کە یەکخستن تەنها ڕێوشوێنێکی سەربازی نییە بەڵکو هەنگاوێکی سیاسییە بۆ بنیاتنانی سوپایەکی نیشتمانی، ئاماژەی بەوەشدا کە "هیچ سوپایەکی نوێی سووریا ناتوانرێت بنیات بنرێت بەبێ بەشداری قەسەدە کە شەڕی یەکلاکەرەوەی دژی داعش کرد و قوربانی زۆری دا لە پێناو یەکێتی سووریا".
زیاتر گوتی: "هەندێک لایەن لە دیمەشق هێشتا بە عەقڵیەتی ڕژێمی پێشوو بیر دەکەنەوە، و هەوڵ دەدەن تێڕوانینێک بسەپێنن کە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامەی قەسەدە یان پەراوێزخستنیەتی"، کە ئەمەش بە "ناقبووڵ" و "نا نیشتمانی" وەسفکرد، ئاماژەی بەوەشدا کە هەر پڕۆسەیەکی یەکخستن دەبێت ڕۆڵی "قەسەدە" و مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا: "سوننە، کورد، درووز، عەلەوییەکان و مەسیحییەکان" بناسێت.
حەمۆ ڕوونی کردەوە: "گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، و لێپێچینەوە لە بەرپرسانی پێشێلکارییەکان، نیشانە دەبن لەسەر جدییەتی حکومەت لە بنیاتنانی سوپایەکی نیشتمانی. ئەگەر بە دادپەروەری لەگەڵ عەفرین مامەڵە بکەن، دەکرێت بە شێوەیەکی جیاواز سەیری حکومەت بکرێت".

ئەم بابەتە 33 جار خوێندراوەتەوە