مەزلووم عەبدی: "لامەرکەزییەت بنەمای تێڕوانینمانە بۆ داهاتووی سووریا" و ئاماژەکانی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە هەڵوێستی تورکیادا

مەزلووم عەبدی: "لامەرکەزییەت بنەمای تێڕوانینمانە بۆ داهاتووی سووریا" و ئاماژەکانی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە هەڵوێستی تورکیادا


پەیامی کورد- قامیشلۆ
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دووپاتیکردەوە کە پڕۆژەی لامەرکەزییەت بنەمای تێڕوانینی هەسەدە بۆ داهاتووی وڵات پێکدەهێنێت، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان داوای دەوڵەتێکی یەکگرتووی سووریا دەکەن کە لەسەر بنەمای سیستەمێکی حوکمڕانیی لامەرکەزی بێت و مافەکانی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.
ناوبراو گوتیشی، "ئاماژەگەلێک هەن بۆ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە پەیوەندیکردنی هەسەدە بە سوپای سووریاوە".
عەبدی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، ڕوونیکردەوە کە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ دیمەشق کراوە سەبارەت بە میکانیزمی یەکخستنی هێزەکانی هەسەدە لە سوپای سووریا.
ئەوەشی خستەڕوو، کە "لێژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەسەدە و وەزارەتی بەرگریی سووریا پێکهێنراوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی میکانیزمی یەکخستنەکە، کە دەیان هەزار شەڕڤان و هەزاران ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی دەگرێتەوە".
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، کە "فەرماندەکانی هەسەدە پۆستی ڕێزلێگیراو لەناو وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی سوپادا وەردەگرن".

ئەم بابەتە 34 جار خوێندراوەتەوە