پلانێکی تورکیا بۆ بڵاوکردنەوەی چەکی پێشکەوتوو لە باکووری سووریا

پەیامی کورد- دیمەشق
ئاژانسی بلومبێرگ دوێنێ هەینی ڕایگەیاند، تورکیا پلانی هەیە کە کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو بنێرێت بۆ باکووری سووریا، کە بریتین لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبردن، مووشەکی ئاراستەکراو، سیستەمی بەرگری ئاسمانی، و زرێپۆشی شەڕکەر.
ئەم هەنگاوە ئامانجی پەرەپێدانی تواناکانی سوپای سووریایە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، زۆربەی ئەم چەکانە لە باکووری سووریا بڵاودەکرێنەوە، بۆ ئەوەی دووربکەونەوە لە هەر گرژییەک لەگەڵ ئیسرائیل لە باشووری ڕۆژئاوا، چونکە ئەنقەرە پێیوایە بڵاوکردنەوەی سیستەمە بەرگرییەکان لەو ناوچەیە مەترسییە ئەمنییە ئەگەرییەکان لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی کەم دەکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە 1ی تشرینی یەکەم ئەم مانگەدا دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی ڕێگە بە پارچەپارچەبوونی سووریا یان تێکدانی یەکپارچەیی خاکی نادات، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە ڕێوشوێنی ڕوون دەگرێتەبەر ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ حکومەتی سووریا جێبەجێ نەکرێن.





