تۆم باراک گەڕایەوە لوبنان

تۆم باراک گەڕایەوە لوبنان

پەیامی کورد -     تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا دوای بڕیارێکی حکومەت و سەرۆکایەتی بۆ داماڵینی چەک لە حزبوڵڵا گەڕایەوە بۆ لوبنان، کە لە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران لە ٥ی ئابدا پەسەندکرا.

لە سەردانەکەی ئەمڕۆدا مۆرگان ئۆرتاگۆس نوێنەری ئەمریکا یاوەری باراکی کرد کە گەشتەکەیان لە کۆشکی بابدا بە دیدار لەگەڵ جۆزێف عەون سەرۆک کۆمار دەستپێکرد، بە ئامادەبوونی لیزا جۆنسۆن باڵیۆزی ئەمریکا.

 

دوای کۆبوونەوەکە، باراک پیرۆزبایی لە سەرۆک و تیمەکەی کرد بەبۆنەی ئەو هەنگاوانەی لە لوبنان گیراونەتەبەر و کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران. ڕوونیکردەوە، "ئێمە خاتوو ئۆرتاگۆسمان هێنایەوە وەک بەشێک لە تیمەکەمان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ".

گوتیشی: "ئێمە ئومێدمان هەیە، لە هەفتەکانی داهاتووشدا پێشکەوتن دەبینین لەڕووی ژیانێکی باشترەوە بۆ گەلی لوبنان و دراوسێکانمان".

 

باراک جەختی لەوە کردەوە کە "دوای هەنگاوەکەی لوبنان، هەنگاوێک لە ئیسرائیل چاوەڕوان دەکرێت و دەبێت هەمووان هاوکاری بکەن، دوور لە دوژمنایەتی و ڕووبەڕووبوونەوە".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەنگاوەکانی داهاتوو بریتین لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی لوبنان بۆ گەڕاندنەوەی خۆشگوزەرانی و گەڕان بەدوای چۆنیەتی هاوکاری ئیسرائیل و ئێران لەم بوارەدا.

 

باراک لە کۆتاییدا وتی: چەکداماڵینی هەسەدە بۆ قازانجی شیعەکانە نەک دژی ئەوان و ئاوەدانکردنەوە لە هەموو لوبنان ڕوودەدات نەک تەنها لە باشوور.

 


لینا ڕەشید / لوبنان

ئەم بابەتە 427 جار خوێندراوەتەوە