سوپای ئەمریکا بەنیازە بنکەیەکی ئاسمانی لە دیمەشق دابمەزرێنێت

سوپای ئەمریکا بەنیازە بنکەیەکی ئاسمانی لە دیمەشق دابمەزرێنێت

 

پەیامی کورد- دیمەشق
شەش سەرچاوە، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕایانگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئامادەکاری دەکات بۆ دامەزراندنی بوونێکی سەربازی لە بنکەیەکی ئاسمانی لە دیمەشق.
ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە شەش سەرچاوەی ئاگادار لە ئامادەکارییە بەردەوامەکان لە بنکەکە، لەوانە دوو بەرپرسی ڕۆژئاوایی و بەرپرسێک لە وەزارەتی بەرگری سوریا، گواستوویەتیەوە کە: "دامەزراندنی بنکەیەکی ئاسمانی ئەمریکی لە دیمەشق بۆ یارمەتیدانە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی کە واشنتۆن نێوەندگیری تێدا دەکات لە نێوان سوریا و ئیسرائیلدا".
بنکە پێشنیارکراوەکە نزیکە لە بەشەکانی باشووری سوریا، و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە ناوچەیەکی بێ چەک لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک لە نێوان ئیسرائیل و سوریا.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پلانەکانی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی بوونێک لە پایتەختی سوریا، کە پێشتر هیچ ڕاپۆرتێک باسی لێوە نەکردووە، ئاماژەیە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی سوریا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سوریا
بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمریکا وتی کە واشنتۆن "بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بۆ پێگەی پێویستی خۆی لە سوریا دەکات بۆ دڵنیابوون لە کاریگەری هەوڵەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش"، زیادیشی کرد کە بەهۆی هۆکاری ئاسایشی ئۆپەراسیۆنییەوە، لەسەر شوێنی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی قسە ناکات.
بەرپرسەکە داوای کرد ناوی بنکەکە یان شوێنەکەی ئاشکرا نەکرێت.
بەرپرسێکی سەربازی ڕۆژئاوایی ڕوونی کردەوە کە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئامادەکارییەکانی خێراتر کردووە، و چەندین ئەرکی چاودێری ئەنجامداوە کە دەرەنجامەکەی ئەوە بووە کە ڕاڕەوی درێژی بنکەکە ئامادەیە بۆ بەکارهێنانی دەستبەجێ.
دوو سەرچاوەی سەربازی سوری ڕایانگەیاند کە گفتوگۆ تەکنیکییەکان سەرنجیان لەسەر بەکارهێنانی بنکەکە بووە بۆ مەبەستی لۆجستی، چاودێری، و دابینکردنی سووتەمەنی، جگە لە ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان، بە مەرجێک سوریا خاوەندارێتی تەواوی دامەزراوەکە بێت.
بەرپرسێک لە وەزارەتی بەرگری سوریا ئاماژەی بەوەدا کە فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازی ئەمریکی جۆری C-130 لە بنکەکە نیشتوونەتەوە بۆ تاقیکردنەوەی گونجاوی ڕاڕەوەکە.

ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە