ماكرۆن داوا لە سوریا دەکات بچێتە هاوپەیمانێتی دژی داعش
پەیامی کورد- دیمەشق
سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن داوای لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کرد کە پەیوەندی بە "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی"یەوە بکات بۆ شەڕی دژی ڕێکخراوی داعش، بە گەرمی پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش کرد بۆ لابردنی ناوی سەرۆک شەرع و ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی، لە لیستی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لێدوانەکانی ماکرۆن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هات دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی سوریا لە پەراوێزی کۆنفرانسی کەشوهەوا لە شاری بێلێمی بەرازیل، دوێنێ پێنجشەممە، کە تێیدا جەختی کردەوە کە "سوریا بانگهێشت کراوە بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشێکی تەواو و کارا لە جەنگی ئێمە دژی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا". زیادیشی کرد: "هاوکاری ئەمنی لە نێوان پاریس و دیمەشق پێویستییەکە بۆ پاراستنی فەرەنسییەکان".
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بە هێرشەکانی تشرینی دووەمی 2015ی پایتەختی پاریس کرد، و بیری هێنایەوە کە "ئەو هێرشانە لە سوریا پلانیان بۆ دانرابوو، بۆیە ئەم پرسە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی فەرەنساوە هەیە".
لێدوانەکانی ماکرۆن دوای چەند کاتژمێرێک هات لە پەسەندکردنی بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە بۆ لابردنی ناوی سەرۆکی سوریا و وەزیری ناوخۆی لە لیستی سزاکان، کە بڕیارەکە بە پشتیوانی 14 ئەندام پەسەند کرا و چین مانیع بوو لە دەنگدان بەبێ بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ.
ماکرۆن بڕیارەکەی بە "هەنگاوێکی زۆر گرنگ و پڕ لە هێمای تایبەت پێش سەردانە مێژووییەکەی شەرع بۆ کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو" وەسف کرد، ئاماژەی بەوەشدا کە هەنگاوەکە "پشتڕاستی دەکاتەوە کە ستراتیژییەتەکەی فەرەنسا لە سەرەتای قۆناغی گواستنەوە لە سوریا ڕاست بووە".
سەرۆکی فەرەنسا لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی "یەکێک بووە لە یەکەمین وڵاتان کە بڕیاری داوە هاوکاری لەگەڵ سەرکردایەتی کاتی سوریا بکات بۆ گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی خاک، و بەرەنگاربوونەوەی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و گرووپە تیرۆریستییەکان، هەروەها ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی پەنابەران".